عێراق وسعودیه‌ له‌سه‌ر 13 خاڵ ڕێككه‌وتن بۆ به‌ره‌وپێشبردنى هاریكارى هاوبه‌ش

  • 9-11-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

     
    لیژنەی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی عێراق و سعودیە، بە سەرۆكایەتیی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود وەزیری دەرەوەی سعودیە، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغداد كۆبوونەوەوله‌سه‌ر 13 خاڵ ڕێككه‌وتن.
    لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری دەرەوەی سعودیە لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەشداربوو، هەردوولا لەسەر چەندین بابەتی سیاسی و ئەمنی و سەربازی ڕێككەوتن.
    وەزارەتی دەرەوە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،ئاشكرایكردووە، ڕێككەوتنەكە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە لەخۆدەگرێت:-
    - بەردەوامبوونی هەردوو وڵات لە هاوئاهەنگی و كاری پێكەوەیی لە بوارەكانی سیاسی و ئاسایش و سەربازی دا.
    - كاركردن بۆ هێنانەئارای بۆچوونی هاوبەش سەبارەت بەو دۆسیە و پرسانەی بۆ عێراق و سعودیە گرنگن.
    - كارئاسانیكردن بۆ كردنەوەی پاشكۆی بازرگانیی سعودیە لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغداد.
    - بە زووترین كات دەروازەی سنووریی عەرعەر بكرێتەوە.
    - ئاسانكردنی ڕێوشوێنەكان بۆ هاتوچۆكردنی پیاوانی خاوەنكاری هەردوو وڵات.
    - هەوڵدان بۆ لابردنی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماتی و خزمەتگوزاری و تایبەت، بەدرێژایی كاتەكانی ساڵ جگە لە وەرزی حەج.
    - ڕاوێژ و كاری پێكەوەیی و پشتیوانیكردنی یەكتری لە كۆنگرە و كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا.
    - بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی و هەواڵگیری لە بەگژداچوونەوەی تاوان و قاچاخ دا.
    - هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و سعودیە پەلە بكەن لە ئیمزاكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی ئەمنی دا.
    - عێراق و سعودیە لێكتێگەیشتنێكی سەربازی واژۆبكەن و هاوئاهەنگیی سەربازی لەنێوانیاندا بێتەكایەوە و مەشقی سەربازیی هاوبەش بكەن، ئەزموونی سەربازیی ئاڵوگۆڕ پێبكەن و لەڕووی لێكۆڵینەوە و پلانی ستراتیژییەوە پێكەوە كاربكەن، پاشكۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەكانی هەردوو وڵات لە بەغداد و ڕیاز بكەنەوە.
    - سعودیە بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش دا.
    - هەردوو وڵات بۆچوونێكی هاوبەش گەڵاڵە بكەن سەبارەت بە دۆزەكانی ناوچەكە وەك فەڵەستین و سوریا و توركیا و لیبیا و یەمەن.
     وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ئاماژه‌یشى دا"له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ردوولا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌هاریكارى وهه‌ماهه‌نگییه‌كان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان وئاڵوگۆڕى سه‌ردانه‌كان وبه‌رده‌وامیدان به‌سازكردنى كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بۆ پته‌وكردنى هاریكارى دوولایه‌نى بۆ به‌جێ گه‌یاندنى خواسته‌كانى سه‌ركردایه‌تى وگه‌لى هه‌ردوو وڵات".