سەرۆک کۆمار:گەندەڵی ھەڵبژاردن پەتایەکی مەترسیدارە

  • 5-11-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    به‌رهه‌م ساڵح،سه‌رۆك كۆمار،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌ گه‌نده‌ڵى هه‌ڵبژاردن ودارایی پێکەوەگرێدراون،وپه‌تایه‌كى مه‌ترسیدارن هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كه‌ن.
    سه‌رۆك كۆمار له‌وتارێكیدا له‌باره‌ى په‌سه‌ندكردنى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان،كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)به‌دواداچوونى كردووه‌ ڕایگه‌یاند"بە پێی ئەرکی دەستووریم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقم په‌سه‌ند کرد. ئەوەش بە هیوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دور له‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک".
    وتیشیى"کۆمەڵی رەخنە و تیبینی لەسەر ئەم یاسایه‌‌ هەن و بێگومان دڵخوازی هەمووان‌ نییە، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌کی گرنگە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و ده‌سته‌به‌رکردنی به‌شداری راستگۆیانه‌ی خه‌ڵک له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا".
    ئاماژه‌یشى دا "ئێستاش دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌م یاسایە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەبێ پێویستییەکانی ئەنجام دانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراهەم بکەن، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری، و دەستبەرکردنی هاوکاری و هەماهەنگی کاریگەر لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ چاودێری و سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و رێگرتن لە یاریکردن بە دەنگی خەڵک".
    ڕایشیگه‌یاند"لێرەشەوە پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی ھەڵبژاردن و کۆی کۆمەڵگەش بەگشتی چالاک ‌و وشیار بن بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا رێگه‌نه‌ده‌ن ده‌نگی راسته‌قینه‌ی هاووڵاتیان بدزرێت".
    ئه‌وه‌یشى وت"رێگه‌ی راست بۆ چاکسازی راسته‌قینه‌، بۆ کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی بژێوی خه‌ڵک، بۆ گەڕاندنەوەی بەھای راستەقینە بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداری، له‌ بوونی یاسا و رێسای هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ دەکات که ‌رێگر بێت له‌دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک و زامنی ئه‌وه‌ بکات حکومه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌نگ و ئیرادەی خه‌ڵک بێت و له‌رێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانیشیانەوە چاودێری حکومه‌ت و داهاتی گشتی بکه‌ن و له‌وانه‌ بپرسنه‌وه‌ که‌ گه‌ندڵکار و که‌مته‌رخه‌من. دزینی دەنگی هاووڵاتی و دزینی پارە و داهاتی گشتی پێکەوە گرێدراون و ئەمیان پێویستە بۆ ئەوەی تر، ئەمانە دووانەی چەو سانەوە و نانبڕین و حوکمی نادروست و گه‌نده‌ڵکارن".
    سه‌رۆك كۆمار له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا وتیشى "هه‌ر حکومه‌تێک گه‌ر به‌رئه‌نجامی راسته‌قینه‌ ئیرادەی خەڵک نەبێت سەرکەوتوو نابێت، ھەر گەلێکیش حکومەت و دەسەڵاتداران بەنوێنەری راستەقینەی خۆی نەزانێ، ئەمڕۆ بێت یان سبەی رێگایەکی تر دەدۆزێتەوە بۆ سەندنەوەی مافی زەوتکراوی. بۆیە رێگای راست بۆ گەل و حکومەتیش ئەوەیە رێ له‌ دزینی ده‌نگی خه‌ڵک بگیرێ و متمانە بگەڕێنەوە بۆ سیاسەت. هیوادارم به‌م یاسایه‌ بتوانین بەشێک لە ئه‌م ئه‌رکه‌ نیشتمانییه‌ پیرۆزە‌ جێبه‌جێ بکه‌ین".