شاندێكى فیدڕاڵى هه‌فته‌ى داهاتوو سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات بۆ تاوتوێكردنى بابه‌تى سه‌رژمێرى گشتى

  • 3-11-2020, 00:00
  • +A -A

      به‌غدا-اه‌ع-سۆما جاف

     
     
    سیروان محه‌مه‌د سەرۆکى دەستەى ئامارى هەرێمی کوردستان،ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رایگەیاند ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى کە بڕیارە ساڵى داهاتوو ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە شاندێکى عێراق سەردانى هەرێمی کوردستان دەکات.
    سیروان محەمەد، سەرۆکى دەستەى ئامارى هەرێمی کوردستان بە ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)رایگەیاند: "دەستەى ئامارى هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانى دەستپێکردووە بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەى سەرژمێریی گشتى، کە بڕیارە کۆتایى ساڵى داهاتوو لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت، لەسەر هەمان پرس بڕیارە شاندێکى تەکنیکى حکوومەتى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان بکات".
    راشیگەیاند: "گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتى ئەنجامدانى پڕۆسەکە و وردەکارییەکانى و لایەنى تەکنیکى پڕۆسەکە بەڕێوەدەچن، چونکە دەبێ شێوازى فۆڕمى سەرژمێرى و وردەکارى و زانیارییەکانیان وەکو یەک بن لەگەڵ هى حکوومەتى ناوەند".
    ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بڕبارە بەشى هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەش دابین بکرێت کە بۆ پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى لە عێراق تەرخانک راوە، چونکە بەبێ بودجە کارەکان بەڕێوەناچن، لێژنەیەکى تایبەتیشمان لە دەستەى ئامارەوە پێکهێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا لەبارەى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لە ناوچە جێ ناكۆكه‌كان ".