بهغدا-اهع
عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی وادەی دەست پێكردنی پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی راگەیاند. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پلەی وەزیفی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا نییە، هەروەها قەبارەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراقیش ئاشکرا دەکات.
عەلاوی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵى عێراقى (اهع) گوتی: “ئەو تەنگژە داراییەی عێراق پیایدا تێدەپەڕێ، هی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو دەرەنجامی دابەزینی نرخی نەوتە و وایکردووە بەرهەممان کەم بکەینەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی گەورە کاریگەریی لەسەر داهاتدا هەبووە، بەهۆی کەمکردنەوەی بەشی عێراق لە هەناردەکان، بۆیە باری کۆمپانیاکانی قورس کردووە”.
تەنگژەی دارایی
باسیشی لەوە كرد: “بژاردەی زیادکردنی داهاتەکان بە خێرایی و لە ماوەیەکی کەمدا، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، شتێکی نیمچە نەکردەنییە”، هەروەك پێیوایە: “زیادکردنی داهات بەهۆی سەرچاوەکانی دیکە پێویستی بە سێ بۆ شەش مانگ دەبێ، نەخاسمە کە ساڵەهای ساڵە وڵات پشت بە نەوت دەبەستێ، بەبێ گرنگیدان بە سەرچاوەکانی دیکەی داهات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “حکووومەتی ئێستا بەبێ سیولەی دارایی رووبەڕووی تەنگژەکە بووەتەوە، بۆیە هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نییە، جگە لە قەرزی ناوەخۆ بۆ ماوەیەکی کورت”. روونیشی کردەوە: “قەرزی دەرەکی، کە گەیشتووەتە 5 ملیار دۆلار، ناتوانرێ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەکار بهێنرێ، بەڵکوو بۆ پالپشتیی پرۆژەکان تایبەت دەکرێ”.
كەی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت؟
وەزیری دارایی لە دیدارەكەدا وتى: “ئەنجوومەنی نوێنەران یەکەم قەرزی ناوخۆی بە بڕی 15 تریلیۆن دینار دیار کرد، سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە ناڕازی بووین، چونکە ئەمە بەشی مووچە و خەرجییەکانی مانگی ئەیلوولی رابردووش ناکات، بۆیە وەزارەت ناچارە بە بڕی 41 تریلیۆن دینار داوای قەرزی نوێ بکات، بۆ ئەوەی کورتهێنان لە مووچە و خەرجییە سیادییەکانی پەیوەست بە هاوردەکردنی کارەبا و سووتەمەنی و قەرزی دەرەکی و پسوولەی خۆراک و پشتگیریی جووتیاران پڕ بکەینەوە”. روونیشی کردەوە: “ئەو بڕەی لە قەرزە نوێیەکە دیاری کراوە، بەشی مووچە و خەرجییەکانی ئەم چەند مانگەی ئەمساڵ و دوو مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوو دەکەن”.
دووپاتیشی کردەوە: “ئەنجومەنی نوێنەران مافى خۆیەتی داوای کەمکردنەوەی بڕی هاتوو لە یاسای قەرزکردندا بکات، بەڵام ئەمە واقیعی حاڵی دارایی وڵاتە”.
وتیشی: “حکوومەت لە ماوەیەكی کورتدا، رێوشوێنی بۆ بەهێزکردنی داهات گرتووەتە بەر، پلانێکی تۆکمەشی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی ئابووری”. جەختیشی کردەوە، کە مووچەی مانگی تشرینی رابردووی فەرمانبەران رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا بدرێ، ئەگەر بڕیار لەسەر یاسای قەرزکردن نەدرێ، بەڵام ئەگەر دەنگی لەسەر درا، ئەوا راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێ.
هۆشداریشی دا: “داهاتی مانگانە لە هەناردەکردنی نەوت و ئەو رەسیدەی لە وەزارەتی داراییدا هەیە، بەشی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران ناکات، بەڵکو پێویستی بە خشتەیەکە”. ئاماژەی بەوەش دا: “بەبێ چارەسەری تەنگژە سەرەکییەکە، ئەوا بەسەر یەکدا کەڵەکە دەبێ و دابەشکردنی مووچەش بەردەوام دوادەکەوێ. داهاتەکانی نەوت 93%ی بودجەی گشتیی عێراق پێک دێنێ، ئەوەی دەشمێنێتەوە، لە داهاتی گومرگەکان و باج و ئەوانی دیکەیە. پاشەکشێیەکی زۆر لە داهاتی گومرگەکانەوە هەیە، بەهۆی ناڕێکی لە شێوازی وەدەستهێنان و زیادەڕۆیی و دزین و بەتاڵان بردن”. جەختیشی کردەوە، کە بۆ زیادکردنی داهات، دەبێ گومرگەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن، بەڵام ئەمە 15%ی داهاتی نەوت پێک ناهێنێ، لەگەڵ ئەو باجانەی کە زۆر زەحمەتە لە سایەی سستیی بواری ئابووریدا کار بۆ زیادبوونی بکرێ.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بۆچوونێکی بەهێز هەیە، کە وەرگرتنی باجی کارەبا کارا بکرێ، ئەویش لە رێی دانای پێوەری ئەلیکترۆنی، هەروەها تەرخانکردنی بەشێکی بۆ کەرتی کارەبا، کە دەگاتە نزیکەی 14 ترلیۆن دینار”.
بە پێویستیشی زانی، ئاستی رۆشنبیریی خەڵک بەرز بکرێتەوە، تا باجەکانی لەسەریانە بیدەن، هەروەها هانی وەبەرهێنەران بدرێ لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و گواستنەوەدا کار بکەن”.
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنەكەدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقی، دڵنیایی دا کە مووچە دابەش دەکرێت، بەڵام “لەوانەیە لە دوو هەفتەى داهاتوودا بدرێت”. گوتیشی: "ئەگەر یاسای قەرز لە پەرلەمان پەسند بکرێ، دوو بۆ سێ هەفتەی تر مووچە دەدرێ".
قەرزەکانی عێراق
عەلاوی ئاشکراشی کرد، کە قەبارەی قەرزەکانی عێراقی گەورە نییە و گوتی: “قەرزی دەرەکی لەنێوان 60 بۆ 70 ملیار دۆلارە". ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”نیوەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بە میرات ماونەتەوە و نیوەکەی دیکەی لەدوای ساڵی 2003وە بۆ مەبەستی جیا جیا وەرگیراوە، لەناویاندا بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەکان”. روونیشی کردەوە: “قەرزە ناوخۆییەکان بە 60 ترلیۆن دینار دەخەملێنرێ”.
پەڕاوی سپی
عەلاوی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “پەڕاوی سپی، کە حکوومەت پێشنیاری کردووە، پێویستی بە کاتە بۆ گۆڕینی شێوازی کار و پێکهاتەی ئابووری، هەروەها پێویستی بە گۆڕینی یاسا و جێبەجێکردن هەیە”. روونیشی کردەوە: ”پەڕاوی سپی پێویستی بە دامەزراوەیەکی تەواو هەیە، کە سەرپەرشتیی کرداری جێبەجێکردن بکات”.
دەشڵێ: “میکانیزمی جێبەجێکردنی پەڕاوی سپی دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و رەنگە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانیش، بۆ ئەوەی بڕیاری لێ بدرێ”.
گوتیشی: “گۆڕانکاریی لە ئابووریی عێراق پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام هەیە، ئەمەش پێویستی بە دەزگایەکی تایبەتی بەدواداچوون و کارکردن بۆ گۆڕانکاریی لە هەندێک یاسا و جێبەجێکاریدا هەیە لە ماوەی چەند ساڵێکدا، نەک لە حکوومەتێکدا کورت بکرێتەوە، کە تەمەنی شەش مانگ یان ساڵێکە”.
بودجەی 2021
عەلاوی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بودجەی 2021 لەم مانگەدا پێشکەش دەکرێ، کە پلانێکی لە مەودای مامناوەند و گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە، لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پەڕاوی سپیدا”.
گوتیشی: “نرخی نەوت لە بودجەی ساڵی داهاتوو لەسەر 41 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیار کراوە”. ئەوەشی روون کردەوە، کە زۆرینەی مووچەخۆران لێبڕینی پێشنیارکراو لە دەرماڵەکان نایانگرێتەوە، کە لە بودجەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، بەڵکوو لێبڕینی دەرماڵەکان چەند چینێکی دیاریکراو دەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی دەستکاریی مووچەی بنەڕەتی بکرێ.
جەختیشی کردەوە، کە کار بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێ لە 25%ەوە بۆ 10 تا 12% لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا”.
عەلاوی ئەوەشی راگەیاند، کە چەندین پێشنیار هەن، گرنگترینیان جێبەجێکردنی ئامانجە سەرەکییەکانی پەڕاوی سپیین، بەبێ ئەوەی زیان بەر چینە هەژارەکە و زۆرینەی فەرمانبەران بکەوێ. ئاماژەی بۆ ئەوش کرد، کە لە بودجەی ساڵی 2021دا پلە وەزیفییەکان ناگرێتەوە.
خانەنشینیی لە کەرتی تایبەت
عەلاوی ئاشکراشی کرد، بۆچوونێک هەیە، بۆ کۆکردنەوەی خانەنشینیی کرێکاران لە کەرتی تایبەت لەگەڵ دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی و کارکردن بۆ دڵنیایی و مەرجەکانی رێکخستنی کار، کەرتی تایبەت هاوشێوەی کەرتی گشتی هەموو مەرجەکان بگرێتەوە، ئەویش لە رێی یەکخستنی ساڵەکان بۆ خانەنشینی و لێبڕینەکان و ئەوانی دیکە. جەختیشی لەسەر رەخساندنی بوار بۆ کەرتی تایبەت کردەوە.
هەرچی سەبارەت بە بڕیاری 315ەشەوەیە، وەزیری دارایی جەختی کردەوە: “زۆر زەحمەتە لە سایەی نەبوونی یاسای بودجەدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێ”.