بهغدا-اهع
سەرۆک کۆمار د.بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە رائید فەهمی سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق و شاندی هاوڕێی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار لە لێدوانێکدا کە وێنەیەکی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع) کەوتووە رایگەیاند:" لە دیدارەکەدا دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەختیشکرایەوە لە پێویستی هەماهەنگی و پێکەوەیی نێوان هێزە سیاسییە نیشتمانی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا و بەھێزکردنی هەوڵەکان لە پێناو فەراهەمکردنی پێویستییە سەرەتاییەکان و دابینکردنی ئاسایش بۆ ھاووڵاتیان و پتەوکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و سەروەری وڵات و رێگریکردنی لەو پلانە گڵاوانەی کە دەکرێنە سەر ئاسایشی وڵات بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئارامی.
هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لە گرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی دابینکردنی پێداویستی تەواو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و لە پێش هەموویان یاسای هەڵبژاردنی دادپەروەر بێتەکایەوە، ھاوکات هەوڵەکان بە ئاڕاستەی رێگریکردن بێت لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، لەھەمانکاتدا ویستی دەنگدەران بێت بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دوور لە هەر گوشار و کاریگەرییەک.
لەلای خۆیەوە رائید فەهمی ستایشی پێشنیازەکانی سەرۆک کۆمار کرد و بە تەواوی پشتگیری لە راوبۆچوونەکانی کرد لە گرنگی پتەوکردنی سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا و زامنکردنی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنی نوێنەرانی داهاتوو.