وه‌زیرى نه‌وت پێشنیار ده‌كات کۆمپانیایەک بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دروست بکرێت

  • 13-10-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وت پێشنیار ده‌كات کۆمپانیایەک بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دروست بکرێت،ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ردو حكومه‌تى ناوه‌ند و هه‌رێم له‌باره‌ى سیاسه‌تى نه‌وتیه‌وه‌.
     
    عه‌بدولجه‌بار،ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌،بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى (اه‌ع) رایگه‌یاند:" دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال، بە ئاراستەیەکی باش دەڕوات بۆ ئەوەی هەردوولا لە چوارچێوەی دەستووردا، چارەسەرێكی گونجاو بۆ ناكۆكییەكانی نێوانیان سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بدۆزنەوە".
     
    گوتیشی: پێشنیازی كردووە، كۆمپانیەكی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێندرێت كە لە رووی هونەری و كارگێڕییەوە ببەسترێتەوە بە سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدرال ئەوەیش لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان هەردوو حكوومەتی فیدرال و هەرێم .
    ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "لە چوارچێوەی دانوستانەكانی ئێستادا، لێكتێگەیشتنی باش سەبارەت بە سیاسەتی نەوت لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدرال و هەرێم هەیە.
     
    وتیشی: "هەرێم بە ئەرێنییەوە هەوڵی چارەسەركردنی خاڵە ناكۆكییەكان دەدات سەبارەت بە سروشتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان و بڕی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، جگە لەوەیش ئاماژەی ئەرێنیی لە دانوستانەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێم بەدی كراوە".
    عەبدولجەبار ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە دانوستانەكانی ئەمجارەدا، دید و بۆچوونی نوێ لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدرال بوونی هەیە، بەپێی دەستوور وەزارەتی نەوت، سامانی نەوت چی لە هەرێم یان ئەو پارێزگایانەی كە تیایاندا نەوت بەرهەم دەهێندرێت، بەڕێوەدەبات".