سه‌رۆك كۆمار جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌ دروستکردنی په‌یوه‌ندى به‌هێز له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌وروپا

  • 29-09-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
     
     
    لەمیانی پێشوازیکردنی لە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار  جەختی لە سوربونی عێراق بۆ دروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا و پێویستی هاودەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاسته‌نگه‌کان کردەوە.
     
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:"  بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ سێشەممە لە سلێمانى  پێشوازیکرد لە لۆرێنزۆ گوێرینی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و شاندی یاوه‌ری.
     
    ساڵح جەختیکردەوە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییە دو قۆڵییەکان لەگەڵ ئیتاڵیا لە سەرجەم بوارەکان و کارکردنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگارییە جیاجیاکان کە روبەڕوی ناوچەکە و جیهان دەبێتەوە، لە پێش هەموشیان بەگژاچونەوەی تیرۆ و بەھێزکردنی هەماهەنگی ئابوری و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە تەواوی بوارەکاندا.
     
    هه‌روه‌ها به‌بایەخەوە باسی لە رۆڵی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر و هێزەکانی ناتۆ بۆ پاڵپشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشداریکردنیان لە چەندنین پڕۆژەی مرۆیی و خزمەتگوزاری، ھاوکات جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی سەربازی نێوان هەردو وڵاتی دۆست، بە تایبەت لە بواری پڕچەککردن و راهێنان و پەرەپێدانی توانا سەربازیەکانی ھێزە ئەمنییە جیاوازەکان بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر، و عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی توانی بەسەر تیرۆرستانی داعش سەر بکەوێت، بەڵام جەنگ دژ بەو گروپە تیرۆرستە تا ئێستا بەردەوامە و شانە نوستوەکان هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە و جیهان، بۆیە گرنگە ریشەکێش بکرێت، ھەروەھا راشیگەیاند کەمتەرخەمی لە راوەدونانی تیرۆستان و بەردەوامی قەیرانەکانی ناوچەکە دەرفەت بۆ گروپە توندرەوەکان دەرەخسێنێت کە خۆیان رێکبخەن و جارێکی دیکە پەلاماری شار و هاوڵاتیان بدەنەوە.
    سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەوەی حکومەت کار دەکات لەسەر هێنانەکایەوەی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بە توانا و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و رێگریکردن لە ئەو کارانەی لە دەرەوەی یاسا دەکرێن و پارێزگاریکردن لە نێردە دیبلۆماسییەکان، دوپاتیشیکردەوە لەوەی عێراق رەتی دەکاتەوە ببێت بە گۆڕەپانێک بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەی وڵاتانی دیکە.
    هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا وەزیری بەرگری ئیتاڵیا جەختیشیکردەوە لەسەر پابەندبونی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی عێراق لەسه‌رجه‌م بوارەكان، بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی هەماهەنگی دو قۆڵی ئابوری و رۆشنبیری کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل و وڵات پتەوتر دەکات.