بهغدا-اهع
د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری بەغداوە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفڕانس،كه ئاژانسى ههواڵى عێراقى (اهع) چاودێرى كرد وتاری عێراقی لە خولی ٧٥ی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد و رایگەیاند :"ئەمە یەكەم جارە لە مێژووی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە دوورەوە (بە ڤیدیۆ كۆنفڕانس) بەیەكەوە كۆدەبینەوە.. کۆبوونەوەکەمان لە ئان و ساتێكدایە كە مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ھەموو مرۆڤایەتی.
ئەم كۆبوونەوە دوورەدەستەمان، بەرجەستەیەكی راستەقینەی ئەو گۆڕانکاریە ریشەییانەیە كە لە شێوازی ژیان و پەیوەندیهکانی نێوان مرۆڤ هاتووەتەكایەوە.
لە وتارێکدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گەندەڵی ھاوشێوەی ھاوپەیمانی دژی تیرۆر و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵان براوەكان و وشككردنی سەرچاوەكانی پارەداركردنی تیرۆرست و توندڕەوان و كۆتاییهێنان بە گەندەڵی كە شادەماری ئابوورییە سیاسییەكەی توندوتیژی و تیرۆرن.
بهرههم ساڵح ئاماژیکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەیەی پاكو بێگەرد لە ساڵی ئایندەدا که بە گوێرەی یاسایەكی نوێ بەڕێوەبچێت، بتوانێت نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانەتر بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بكات، ئەمەش لە پێناو هێنانەدی ئەو بەڵێنەی بە جەماوەری خۆپێشاندەرمان داوە كە چاویان لە پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافە رەواكانی گەلە لە گەیشتن بە ژیانێكی شكۆدارانەی ئازاد، بەو ئامانجەی لە وڵاتەكەی خۆیاندا دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستبن، حكومەتیش رەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی ئەوان بێت و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت و هیوا و ئاواتەكانیشیان بێنێتەدی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆک کۆمار وتی: چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، لەگەڵ پۆلێك لە ژنان و کچانی ئێزدی و توركمان و شیعە و شەبەك كۆبوومەوە كە لە چنگی تیرۆر و تیرۆرستان دەربازیان بووە.. گوێبیستی ئێش و ئازار و مەینەتییەكانیان بووم، سەرباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر رزگاركردنی شارەكانیاندا، كەچی هێشتا مەینەتییەكانیان تهواو نهبوون، بەهۆی ئەو ئەشكەنجە جەستەیی و دەروونییەی تووشیبوون، هێشتا بەدەست ئازاری جەستەیی و دەروونییەوە دەناڵێنن و لە خێوەتگاكاندا ژیان بەسەر دەبەن.
ئەركی سەرشانمانە ئاوارە و كۆچبەرەكان بگێڕینەوە سەر زێدی خۆیان، چیشمان لە دەست بێت بۆیان بكەین، لەمەشدا پێویستیمان بە پشتیوانی دۆستەكانمان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت لە پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵ و كۆششانەی لەو پێناوەدا دەیكەین.
ههر لە وتارەکەیدا باسی لەوەشکرد دەمێكە عێراق گیرۆدەی جەنگ و گەمارۆ و كاولكاری و تیرۆرە، دەمێكە سەروەری خاكەكەی پێشێل دەكرێت، عێراقێكی خاوەن سەروەری تەواو، دەتوانێت ببێتە تان و پۆیەك بۆ بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە، لە توانایدایە ببێتە چوارچێوەیەك بۆ كۆی سیستەمێكی ناوچهیی كە لەسەر بنەمای هاریكاری ئابووری و ئەمنی هاوبەش دابمەزرێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەووی لە ناوچەكەدا.
ئەوەشی دووپاتکردەوە پڕۆژە نیشتمانییەكەمان چەسپاندنی پێگەكانی دەوڵەتێكه كە سەروەری یاسا بسەپێنێت و مافی هاووڵاتییەكانیشی بپارێزێت، نامانەوێت وڵاتەكەمان ببێتە گۆرەپانی ململانێی نێوان لایەنە ناكۆكەكان و یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان.
ئەمەی خوارەوە دەقی تەواوی وتاری سەرۆک کۆمارە:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەنابی سەرۆک
جەنابی سکرتێری گشتی
خاوەن شكۆ و پایەداران
لە بەغدا شاری سەلام، هیوای ئهوهتان بۆ ئهخوازم هەمیشە لە سایە و سێبەری ئاشتی و ئارامی پەروەردگار دابن.
سڵاوی بێ پایانی كۆماری عێراقتان پێڕادەگەیەنم كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هیواخوازم كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەم خولەی ئێستایدا سەركەوتوو بێت.
ئەمە یەكەم جارە لە مێژووی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە دوورەوە (بە ڤیدیۆ كۆنفڕانس) بەیەكەوە كۆدەبینەوە .. کۆبوونەوەکەمان لە ئان و ساتێكدایە كە مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ھەموو مرۆڤایەتی.
ئەم كۆبوونەوە دوورەدەستەمان، بەرجەستەیەكی راستەقینەی ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەییانەیە كە لە شێوازی ژیان و پەیوەندیهکانی نێوان مرۆڤ هاتووەتەكایەوە.
ئێستا مرۆڤایەتی لەدووڕییانێكی مێژوویدا وەستاوە؛ لە لایەك دەبێت مهودایهک لهگهڵ یەکتری وهربگرین، لەولاشەوە دەبێت كۆببینەوە.. لە لایەك گاریگەری پەتاكە كەنارگیری كردووین، لەولاشەوە وویستی كاركردن و ژیان وامان لێ دەكات بەردەوام بین.
هەڕەشەی تەشەنكردنی پەتای كۆرۆنا لە هەر شار و گوندێكی ئەم هەسارەیەدا، هەڕەشەیەكی بەردەوامە بۆ هەموو جیهان.
بۆیە سەرباری جیاوازییەكانیشمان، دەبێت بنەمای هاریكاری و كاری هاوبەشی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگەكان پتەوتر بكەین، ئامانجی كۆتاییشمان لەناوبردنی پەتاكەیە یان بە لایەنی كەمەوە سنوردارکردنی زیانەكانی .
ئەوەی ئێستا ئهنجامی ئهدهین، دووپاتكردنەوەی گرنگیی هاریكاری نێوان سەرجەم دەوڵەتانی پێشكەوتووە لە ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون و شارەزایی و زانیاری لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەدا.
بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە وڵاتانی پێشكەوتوو یارمەتی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بدەن، تاوەکو ژینگەیەكی تەندروستی ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنن بەرەنگاری پەتاكە ببنەوە و خۆیشیان لەو لێكەوتانە بپارێزێن كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تووشی دەردەسەری كردووە.
دەبێت هەمووشمان بەرەنگاری ئەو هەواڵ و باس و خواسە ساختەكارییانە ببینەوە سەبارەت بە پەتاكە لە ئارادان، چونكە دواکەوتویی و هەواڵە ناڕاستەکان هەڕەشەیەكی مەترسیدارن بۆ ملیۆنان مرۆڤ.
جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوەش بكەین كە پلانی پێشوەختە گرنگییەكی بهرچاوی هەیە لە دەستەبەركردنی دادپەروەری لە دابەشكردنی پێكوتەی ڤایرۆسەکه له كاتی بەردەست بوونیدا، پێویستە ئەو کاتەی پێکوتەکە دەکەوێتە بازاڕەوە، شێوازی بارزگانی پێوەکردنی لەبەرچاو بگیرێت، بەشێوەیەك یارمەتیدەری وڵاتە هەرە هەژارەکان بێت لەوەی بتوانن بە ئاسانی بۆ هاووڵاتییانی فەراهەم بكەن.
ئێمە لە عێراقدا، سەرباری سنورداری توانا بەردەستەكانمان ، ئەو بارودۆخەی دەورەی داوین، ئاستەنگه لە بەردەم بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە و بەرتەسككردنەوەی كاریگەرییەكانی، سەرباری سنورداری تواناكانمان لە بواری چاودێری تەندروستی كە هۆكارەكەی لاوازی ژێرخانی كەرتی تەندروستییە، زنجیرەیەك ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویستمان پیادە كردووە، بەڵام هێشتاش زۆر ماوە ئەنجامی بدەین.
جەنابی سەرۆک
ئێستا و بەر لەسەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، عێراق گیرۆدەی مەترسییەكی كوشندەتر بووە، ئەویش پەتای گەندەڵییە كە مەترسییەكانی بۆ سەر جیهان لە مەترسی كۆرۆنا كەمتر نییە.
لهسایهی بە هێزی وویستی گەلەكەمان و قوربانییدانی هێزە چەكدارەكان لە سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوسێكانمان، لە ڕووی سەربازییەوە بەسەر تیرۆردا سەركەوتین و توانیمان شارەكان ئازاد بكەین و لەبندەستی تیرۆرستانیان دەرێنین.
بەڵام جەنگەكەمان دژ بە تیرۆر و توندڕەوی بەردەوامە، شانە نوستووەكانی تیرۆر لێرەو لەوێ و لە پانتایی بیابانەكانی وڵاتەكەماندا خۆیان حەشارداوە.
ناكرێ و نابێت مەترسی تیرۆر و دووبارە گەڕانەوە و خۆڕێكخستنەوەی ئەندامەكانی نادیدە بگرین، پێشمان وایە هەر خەمساردی و بێباكییەك، یان سەرقاڵیمان بە ململانێكانی ناوچەكەوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو هێزە تاریك پەرستانە دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەوەی دووبارە بگەرێنەوە.
ھاوکات هەر كەمتەرخەمییەكیش لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەر دەستدرێژییەك بۆ سەروەری نیشتمانیمان، دەشێ ببنە بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم كۆششەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویدا.
لەم سۆنگەیەشەوە هیوامان بە پاڵپشتی دۆستەكانمانە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو هاوكار و هەماهەنگمان بن لە سۆراغكردنی ئەو پارانەی بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی وڵات، هەروەها ئاشكراكردنی ناوی ئەو گەندەڵكارانەی بەو كارە قێزەوونە هەستاون و کۆمهکی گروپە لە یاسادەرچووەكان و توندڕەوەكانیشی پێ دەكەن.
گەندەڵی دەرد و ئافاتێكە و زۆرێك لە وڵاتان بەدەستییەوە دەناڵێنن، ئەو دەردە كوشندە نەیهێشتووە گەلی عێراق لە خێروبێری وڵاتەكەیان سودمهند بن بەڵکو بۆ دەیەها ساڵیشە عێراقی كردووەتە وێرانە، بۆیە گەلی عێراق بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەو ئافاتەوە، هەست بە بێزاری و نیگەرانیەکی زۆر دەكەن.
لەم گۆشەنیگایەوە، ساڵی پار لە مینبەری كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر هەمان شێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، داوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیم كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵان براوەكان.
ئەمڕۆ هەمان داواكاری دووبارە دەكەمەوە.. لەو باوەڕەشدام تەنها بە ووشككردنی سەرچاوەكانی پارەداركردنی تیرۆرست و توندڕەوان و كۆتاییهێنان بە گەندەڵی كە شادەماری ئابوورییە سیاسییەكەی توندوتیژی و تیرۆرن، دەتوانین تیرۆر لەناو بەرین كە باری ئابووری وڵاتان وێران دەكات و وویست و ئیرادەی گەلانیش لە پێشكەوتن و بونیادناندا پەكدەخات.
جەنابی سەرۆک ..
بە پێویستی دەزانم هەڵوێستەیەك لە بەردەم زنجیرە تاوانەكانی كۆمەڵكوژی دژ بە ئێزیدیەکانی وڵاتەكەم بكەم، ئامانجی ئەو تاوانكارییە سڕینەوەی وجودی ئەوان بوو، بۆیە لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە پشتیوان و یارمەتیدەری عێراق بێت لە ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانه.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، لەگەڵ پۆلێك لە ژنان و کچانی ئێزدی و توركمان و شیعە و شەبەك كۆبوومەوە كە لە چنگی تیرۆر و تیرۆرستان دەربازیان بووە.. گوێبیستی ئێش و ئازار و مەینەتییەكانیان بووم، سەرباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر رزگاركردنی شارەكانیاندا، كەچی هێشتا مەینەتییەكانیان تهواو نهبوون، بەهۆی ئەو ئەشكەنجە جەستەیی و دەروونییەی تووشیبوون، هێشتا بەدەست ئازاری جەستەیی و دەروونییەوە دەناڵێنن و لە خێوەتگاكاندا ژیان بەسەر دەبەن.
ئەركی سەرشانمانە ئاوارە و كۆچبەرەكان بگێڕینەوە سەر زێدی خۆیان، چیشمان لە دەست بێت بۆیان بكەین، لەمەشدا پێویستیمان بە پشتیوانی دۆستەكانمان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت لە پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵ و كۆششانەی لەو پێناوەدا دەیكەین.
جەنابی سەرۆک ..
عێراق قوربانی پاشماوەی زیاتر لە 40 ساڵ جەنگ و ئێش و ئازار و گەمارۆ و تیرۆرە، ئەمساڵیش وەك زۆرێك لە دەوڵەتان، گیرۆدەی دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهاندا، لێكەوتەكانی تەنگژە ئابوورییەكەی جیهان كە دەرهاویشتەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، یەخەی گرتووە، ئەم دوو بەڵایەش بەیەكەوە عێراقی رووبەڕووی چەندەها ئاستهنگی گەورە كردووەتەوە.
لە ئێستاشدا نزیکەی ساڵێك بەسەر ناڕەزاییەكانی شەقامی عێراقیدا تێدەپەڕێت، ئەو بزاوتە ڕەنگدانەوەی وویست و ئارەزووی گشت هاووڵاتییان بوو لە ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی ریشەی كە لە ئاست داواکاری و ماف و ئازادییە رەواكانیاندا بێت.
ئەو كێشمەكێشمەی شەقامی ناڕازی، بەرجەستەی ویستێكی زیندوو و ڕاستەقینەی هاووڵاتییان بوو لە چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتداری و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی و دەستەبەركردنی مافەكانی گەل.
كاروانی چاكسازی لە عێراقدا كەوتووەتەرێ، بەڵام پێویستی بە كۆششی ماندوونەناسانە هەیە، تاوەكو بەرهەمەكەی بچنینەوە، ئەو هەنگاوانەی لەو بوارەدا هەڵمانگرتوون، ئاماژە بەوە دەدەن كە دەكرێت گۆڕانكارییەكی ئاشتیخوازانەی دەستووری دوور لە هەموو توندوتیژییەك بێننە ئاراوە، ئەمەش بە تەواوی گوزارشت لە وویست و دڵخوازی گەلی عێراق دەكات.
لە ناو جەرگەی ئەو بارودۆخە سەختەی وڵاتەكەمان پیایدا تێدەپەڕێت، لەمساڵدا حكومەتە نوێیەکەی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی پێكهات كە داواكاری راستەقینەی جەماوەری خۆپێشاندەر بوو لەو چاكسازییانەی داوایان دەكرد.
بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دوای قۆناغی ستەمكاری، دەتوانم بڵێم مەحاڵە گەلی عێراق بەم دۆخەی ئێستا رازیبن، ئەوان چاویان لە قۆناغێكی سیاسی نوێیە كە كەموكورتییە بنەرەتییەکان چارەسەر بكات كە لە 2003 وە كۆی سیستەمی حوكمڕانی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەوان چاویان لە بونیاتنانی حوكمڕانییەكی دروسته.
بۆیە لە پێناو بەدەنگەوەهاتنی ویست و داواكارییە رەواكانی جەماوەردا، دەبێت حكومەتی عێراق بەرپرسیاریەتییە گەورەكانی سەرشانی جێبەجێ بكات كە بنەما سەرەكییەكانی بریتین لە ئەنجامدانی چاكسازیهکی بونیادنەرانهی سیاسی و ئابووری و كارگێڕی، ئەمەش پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران هەیە كە بەرجەستەی دیوی دووەمی تیرۆرن.
ئەركێكی دیكەی سەرەكی حكومەت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەیەی پاكو بێگەرده لە ساڵی ئایندەدا که بە گوێرەی یاسایەكی نوێ بەڕێوەبچێت، بتوانێت نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانەتر بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بكات، ئەمەش لە پێناو هێنانەدی ئەو بەڵێنەی بە جەماوەری خۆپێشاندەرمان داوە كە چاویان لە پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافە رەواكانی گەلە لە گەیشتن بە ژیانێكی شكۆدارانەی ئازاد، بەو ئامانجەی لە وڵاتەكەی خۆیاندا دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستبن، حكومەتیش رەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی ئەوان بێت و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت و هیوا و ئاواتەكانیشیان بێنێتەدی.
حكومەت كارێكی دیكەی گرنگی لەسەر شانە كە جڵەوكردنی چەكی نایاساییە، بەوەی تەنها چەك بەدەست دەوڵەتەوە بێت و لە دەرەوەی یاسا و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا یاساغ بێت، هەروەها لێكۆڵینەوەیەكی لێبڕاوانە و جددیش بكرێت سەبارەت بە تاوانی كوشتنی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان.
لە راستیدا رووبەڕووبوونەوەی گروپە لە یاسا دەرچووەكان و چەكی نا یاسایی، ململانێی دەوڵەتە دژ بە لایەنگرانی توندڕەووی و پاشاگەردانی، ئەم ئەركەش ھەروا ئاسان نییە، خۆ ئەگەر بمانەوێت ئاشتەوایی و سەقامگیری بۆ وڵاتەكەمان فەراهەم بكەین و خۆمان سەرورەی خۆمان بین، ئەوا هەر دەبێت ئەنجامی بدەین.
بەیاننامەكەی ئەم دوایەی سەماحەتی ئایهتوڵا عەلی سیستانی دوای پێشوازیكردنی لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بە روون و راشكاوی ئەو ئەركانەی دەستنیشان كردوون كە پێوستە لە پێناو ئەنجامدانی چاكسازی لە پڕۆسەی سیاسی ئێستادا ئەنجامی بدەین، دەبێت ئەو چاكسازیەش تەواو بەدوور بێت لە هەموو گەندەڵی و كرچوكاڵییەك.
لێرەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی باسمان لێوەكرد، چاومان لە هاریكاری و یارمەتیدانی نەتەوە یەكگرتووەكانە لەوەی هەماهەنگی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن و پاڵپشتی تەكنیكی بۆ دابین بكەن و چاودێریش بن بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە، تاوەكو گەرەنتی پاك و بێگەردی پڕۆسەكە دەستەبەر بكەین و رێگریش لە هەر ساختەكاری و گزیكاری و فرتوفێلێك بكەین كە كاریگەری نەرێنی هەبێت بۆ سەر وویستی ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنەكاندا.
جەنابی سەرۆک ..
پڕۆژە نیشتمانییەكەمان چەسپاندنی پێگەكانی دەوڵەتێكه كە سەروەری یاسا بسەپێنێت و مافی هاووڵاتییەكانیشی بپارێزێت، نامانەوێت وڵاتەكەمان ببێتە گۆرەپانی ململانێی نێوان لایەنە ناكۆكەكان و یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان.
دەمێكە عێراق گیرۆدەی جەنگ و گەمارۆ و كاولكاری و تیرۆرە، دەمێكە سەرورەی خاكەكەی پێشێل دەكرێت، عێراقێكی خاوەن سەروەری تەواو، دەتوانێت ببێتە تان و پۆیەك بۆ بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە، لە توانایدایە ببێتە چوارچێوەیەك بۆ كۆی سیستەمێكی ناوچهیی كە لەسەر بنەمای هاریكاری ئابووری و ئەمنی هاوبەش دابمەزرێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەووی لە ناوچەكەدا.
ئێمە بۆ سەرخستنی پڕۆژە نیشتمانییەكەمان، چاومان لە پشتیوانی و پاڵپشتییەكی كارا و كاریگەری هاوسێكانمان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، سەركەوتنی پرۆژە نیشتمانییەكەشمان لێكەوت و دەرهاویشتەی گەورە و كاریگەری دەبێت بۆ سەر ئایندەی عێراق و ناوچەكە و بگرە جیهانیش.
لەو چوارچێوەیەشدا، عێراق جەخت لەو هەڵوێستەی خۆی دەكاتەوە كە پێویستە پرسی فەڵەستین چارەسەر بكرێت و مافە رەواكانی گەلی فەڵەستینیش فەراهەم بكرێن لەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەكە و جیهانیشدا.
خوشك و برایانی بەڕێز
لەم ساتەوەختەی ئێستادا، ئەو شەهیدانە لەبیر ناكەین كە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەخت كرد، سڵاو و پێزانینی بێ پایانی خۆم ئاڕاستەی ئەو گەنجانە دەكەم كە لە پێناو ژیانێكی شكۆدارانەی ئازاددا، رۆژانە بە وویستێكی پۆڵایین و مكوڕبوونەوە لە خەبات و تێكۆشاندان. ئەو وورە بەرزییەی گەنج و لاوەكانمان گەشبینیمان پێ دەبەخشێت لە گەیشتن بە هیوا و ئاواتەكانی ئایندەمان، دڵمان بەوە خۆشە كە گەنج و لاوەكانمان شێلگیرانە لە كاروانی گەیشتن بە ئازادی و چەسپاندنی سەروەری یاسا و فەراهەمكردنی دادپەروەریدا بەردەوامن.
درود بۆ گیانى شەهیدانی رێگای ئازادی و رووبەڕوونەوەی تیرۆر، سلاو بۆ گەنجەکانمان کە سوورن لە سەر بەدیهێنانی ژیانی ئازاد و خۆشگوزەران، لە چاوی گەشیانەوە، ئایندەی ئازادی و سەپاندنی حوکمی یاسا و دادپەورەری بەدی دەکەین.
لە كۆتایدا، لە حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە دەكەم، سەرباری جیاوازییەكانیش، كەچی هێشتا ئەو ڕێكخراوە كۆمان دەكاتەوە، بە تایبەتیش كە لە ئێستادا رووبەڕووی ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەكانی وەك بەرەنگاربوونەوەی پەتاكان، گۆڕانی كەشوهەوا، پێویستی دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك، پرسی ئاوارە و كۆچبەران دەبینەوە، هەموو ئەمانە دەكرێت لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكان و پابەندبوونمان بە بەڵگەنامەكەیەوە چارەسەر بكرێن.
گومانیش لەوەدا نییە كە لە حەفتا و پینج ساڵی رابردوودا، سیستەمی نێودەوڵەتی، زۆر جار لە چارەسەركردنی گرفتەكانی جیهاندا شكستیهێناوە، زۆر مەرگەساتی كارەساتباری وەك رواندا و جەنگ و كاولكارییەكانی عێراق و سوریا و لیبیا و ئەوانی دیكەش هەن كە دەبێت پەند و ئەزموونیان لێوەرگرین، دەبێت لە وانەكانی رابردووەوە فێربین، لە هەمان ئان و ساتیشدا پێویستە برەو بە ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردوام بدەین و لێبڕاوانەش كار لەسەر ئەجێندای چاكسازیكردن لە دامەزراوەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكەین، بەو ئامانجەی بتوانین هیوا و ئاواتی گەلانی جیهان بەدی بھێنین.
زۆر سوپاس بۆ گوێگرتن
بەو هیوایەی جارێكی دیكە لە جیهانكی خاڵی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەیەكەوە كۆببینەوە.. هیواخوازیشم جیهان و مرۆڤایەتی لە ڤایرۆسی ڕق و گەندەڵی و جەنگ و تیرۆر بەدوور بن.
دووبارە سڵاو و رێزی بێپایانم قبوڵ بفەرموون.