دارایی نوێنه‌رایه‌تى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى 2020 دیارى ده‌كات

ناوخۆ
  • 23-09-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع-سۆما جاف

    شێروان میرزا ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی،ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌،به‌شه‌ بوودجه‌ى هه‌رێم له‌بوودجه‌ى گشتى بۆ ساڵى دارایی 2020 به‌12.67% دیاریكراوه‌.
    میرزا كه‌په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانه‌ له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ستمان كه‌وتووه‌،به‌شه‌ بوودجه‌ى هه‌رێم به‌ڕێژه‌ى 12.67% دیاریكراوه‌،هاوكات به‌شه‌ بوودجه‌ى پێشمه‌رگه‌یش به‌76 ملیار دینار مانگانه‌ دیاریكراوه‌ كه‌ساڵانه‌ ڕێژه‌كه‌ى 912 ملیار دیناره‌".
    وتیشى"دوو بڕگه‌ له‌بوودجه‌ هه‌ن په‌یوه‌ستن به‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ى قه‌رز وهه‌ژماره‌كانى نێوان هه‌رێم وبه‌غدا هه‌ر له‌ساڵى 2014ه‌وه‌ تاوه‌كو ساڵى 2018،سه‌باره‌تیش به‌قه‌رز وپابه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كه‌باسى لێوه‌كراوه‌،ئه‌وه‌ بڕگه‌یه‌ك دانراوه‌ هه‌رێم پابه‌ند ده‌كات به‌ئاشكراكردنى سه‌رجه‌م داتاكان بۆ ئه‌وه‌ى بزانین هه‌رێم بۆچى قه‌رزى كردووه‌،وئه‌و قه‌رزانه‌ چیین كه‌ڵه‌كه‌بوونه‌؟وئه‌م هه‌نگاوه‌یش له‌ماوه‌ى 30 ڕۆژدا ده‌بێت"،وتیشى"له‌ماوه‌ى 90 ڕۆژ لیژنه‌یه‌ك دروست ده‌كرێت له‌دیوانى چاودێرى دارایی فیدڕاڵى وهه‌رێم بۆ پێداچوونه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان له‌پێناو ئاشكراكردنى هۆكاره‌كانى په‌نابردنى هه‌رێم بۆ قه‌رزكردن وچۆنێتى خه‌رجكردنى پاره‌ى قه‌رزه‌كان ،وهه‌رێم به‌چ یاساییه‌ك قه‌رزى كردووه‌".
    ئه‌وه‌یشى وت"له‌بوودجه‌كه‌ تاوتوێى نه‌وتى كه‌ركوكیش كراوه‌،كه‌بریتییه‌ له‌350 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه‌ له‌ڕێگاى بۆرییه‌كانى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێم،كه‌پاره‌ى بۆرییه‌كانى گواستنه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى فیدڕاڵییه‌وه‌ خه‌رجده‌كرێت ،ئه‌مانه‌ خاڵه‌كان بوون،له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێت هه‌رێم 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه‌ ڕاده‌ستى كۆمپانیاى سۆمۆ بكات له‌پاڵ ڕاده‌ستكردنى ڕێژه‌ى له‌سه‌دا 50ى داهاتى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان".
    له‌باره‌ى بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو ،ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی ڕایگه‌یاند"شاندێكى هونه‌رى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌غدایه‌ وله‌میان كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌وڵى دانانى ستراتیژییه‌تى بوودجه‌ى سێ داهاتوو ده‌دات،واته‌ ،حكومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێگاى شاندى هونه‌رییه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه‌ له‌دانوستانه‌كانى له‌به‌غدا،وبوودجه‌ى 2021 هێشتا له‌لێوارى ئاماده‌كردنه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستاش ورده‌كارییه‌كانى دیارى نین".