ئه‌نجومه‌نى هه‌ماهه‌نگكار یه‌كه‌م دانیشتنى خۆى ئه‌نجامده‌دات

  • 23-09-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
     
    ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگارى عێراق و ئوردن و میسر، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یه‌كه‌م دانیشتنی به‌ سه‌رۆكایه‌تی خالید به‌تاڵ وه‌زیری پلاندانانی عێراق و رێكخه‌ری نیشتمانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و حه‌مید غزى ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجامدا.
    سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ بەیاننامەیەكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى (اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:"ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگی عێراق و ئوردن و میسر ئه‌ركی كاراكردنی ڕێككه‌وتننامه‌كانی پێشوی نێوان هه‌ر سێ وڵات و واژۆكردنی ڕێككه‌وتننامه‌كانی داهاتوو له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش په‌ره‌ پێده‌دات ، له‌ بواره‌كانی وزه‌، ئابوری، بازرگانی، وه‌به‌رهێنان، ته‌ندروستی و گواستنه‌وه‌ له‌ خۆده‌گرێت، به‌جۆرێك كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر واقیعی عێراق.
     
    ئاماژەی بەوەشکردوە، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرنگترین كێشه‌كانی نێوان عێراق و لایه‌نه‌كانی ئوردن و میسر، له‌ماوه‌ی دیاریكراودا ده‌بێت، جێگه‌ی گرنگیپێدانی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانیشه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئوردن و میسر به‌هێزتر بكرێت.
    له‌به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، شه‌ش لیژنه‌ی سه‌ره‌كی پێكده‌هێندرێت بۆ رێكخستنی كاره‌كان و له‌ هه‌فته‌ی داهاتوشه‌وه‌ ئه‌و لیژنانه‌ ده‌ست به‌كاره‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌ی خولیی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌ هاوبه‌شه‌كه‌، بۆ گفتوگۆو په‌سه‌ندكردنی، لیژنه‌كانیش بریتی ده‌بن له‌ (لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، ئابوری، وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، لیژنه‌ی وزه‌ و پیشه‌سازی، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و لاوان و ڕۆشنبیری ته‌ندروستی و كشتوكاڵ) له‌خۆ ده‌گرن.
    لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگكار ئامانجی پته‌وكردنی كاری هاوبه‌شی عه‌ره‌بیه‌، بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رسێ وڵات، بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌قامگیری سیاسی و چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌ جۆراوجۆره‌كانی ناوچه‌كه‌ و فراوانكردنی فره‌ هاوبه‌شی ستراتیژی، له‌و روه‌شه‌وه‌ عێراق ده‌بێته‌ سه‌كۆی هاوسه‌نگی و خاڵی كۆبونه‌وه‌كان، نه‌ك ناكۆكیی نێوان به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمایه‌تی، هه‌روه‌ها سود بۆ وه‌رگرتن   له‌ توانای په‌یوه‌ندی جوگرافی ئه‌و سێ وڵاته‌ .