مه‌لا ته‌ڵال:به‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى چاكبوونه‌وه‌ له‌كۆرۆنا بۆ له‌سه‌دا 80

  • 22-09-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌ڵال وته‌بێژى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران،ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌،عێراق ڤاكسینه‌كانى دژه‌ په‌تاى كۆرۆنا بۆ له‌سه‌دا 20ى دانیشتوانه‌كه‌ى ده‌سته‌به‌ر ده‌كات،ڕوونیشیكرده‌وه‌ ڕێژه‌ى چاكبوونه‌وه‌ له‌په‌تاكه‌ بۆ له‌سه‌دا 80 به‌رزبۆته‌وه‌.
    مه‌لا ته‌ڵال له‌كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌یی دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)چاودێرى كردووه‌،ڕایگه‌یاند"حكومه‌ت هه‌ر له‌به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ وده‌ستپێكردنى كۆبوونه‌وه‌ هه‌فتانه‌ییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران،دوو بڕگه‌ى نه‌گۆڕاوه‌ له‌سه‌ر خشته‌ى كاره‌كانێتى،وبریتیین له‌ پێشهاته‌كانى كۆرۆنا ودۆخى سیسته‌مى كاره‌با"،وتیشى"ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌مڕۆ ده‌ستى به‌چاوخشاندنى باسه‌كه‌ى وه‌زیرى ته‌ندروستى كردووه‌ له‌باره‌ى پێشهاته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا،وڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى،ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێداچوونه‌وه‌ى ورده‌كارى پێشهاته‌كان وئه‌ركى وه‌زاره‌تى كرد له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا ،ومژده‌مان پێبه‌خشرا به‌وه‌ى ڕێژه‌ى چاكبوونه‌وه‌ بۆ نزیكه‌ى له‌سه‌دا 80 به‌رزبۆته‌وه‌،وئه‌م ڕێژه‌یه‌یش به‌رزه‌ به‌پێوه‌رى ڕێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى"،دووپاتیشیكرده‌وه‌"ڕێژه‌ى گیانله‌ده‌ستدان بۆ له‌سه‌دا 2.7 %  كۆى توشبووان دابه‌زیوه‌".
    وتیشى"هه‌ر له‌باره‌ى په‌تاكه‌ وئه‌ركى حكومه‌ت له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ڕێگاى بازنه‌ى ته‌له‌فزیۆنى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى وه‌زیرى ته‌ندروستى ووه‌زیره‌ ته‌ندروستییه‌كانى تر وڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌سه‌رپه‌رشتى ڕێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى سازده‌كرێت له‌پێناو دابینكردنى ڤاكسینى ڕێگه‌پێدراوى جیهانى كۆرۆنا"،وتیشى"بڕیاریش ده‌درێت له‌باره‌ى وه‌رگرتنى له‌سه‌دا 20 دانیشتوانى عێراق ،وده‌سته‌به‌ركردنى ڤاكسین بۆ عێراقییه‌كان بۆ له‌سه‌دا 20ى ڕێژه‌ى دانیشتوانى عێراق".
    مه‌لا ته‌ڵال ڕایشیگه‌یاند"له‌گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى پاییز ڕه‌نگه‌ گۆڕانكارى كه‌شوهه‌وار كاریگه‌رى بكاته‌ سه‌ر زیادبوونى توشبووان ،ئه‌مه‌یش هاوتا ده‌بێت له‌گه‌ڵ بۆنه‌ ئاینییه‌ پیرۆزه‌كان كه‌ڕه‌نگه‌ ڕێژه‌ى تێكه‌ڵبوون ولێكنزیكبوونه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى زیاتر بكات"،هۆشداریشى دایه‌ هاوڵاتیان به‌وه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م ڕێوشوێنه‌كانى خۆپارێزى بگرنه‌به‌ر.