بهغدا-اهع
لیوا یهحیا ڕهسوڵ وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان،ئهمڕۆ یهكشهممه، ڕایگەیاند، کازمى فەرمانیکردووە بە پاراستنى سنورەکان لەگەڵ سوریا، ئاماژەى بەوەشکردووە هەماهەنگى هاوبەش هەیە لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە بۆ پاراستنى بۆشایی ئەمنى.
یەحیا رەسوڵ بۆ ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) ڕایگەیاندووە "هەماهەنگییەکان تا ئێستا لە ئاستێکى باشدان، لەنێوان فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و وەزارەتى پێشمەرگە، لە پرسی سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش، بەڵام چاوەڕوانى ئەنجامى هەماهەنگى و گفتوگۆکانین لەو بارەیەوە".
وتیشى"هێزەکانى پێشمەرگە لەچوارچێوەى سیستەمى بەرگرى نیشتیمانى عێراقدان و هەماهەنگى هاوبەش هەیە لەنێوانیاندا بۆ پاراستنى بۆشایی ئەمنى کە لەنێوانیاندا هەیە".
یەحیا رەسوڵ جەختیکردووەتەوە، هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە لەبارەى پرۆسەى هاوبەشەوە لەو ناوچانە، سەربارى ئاڵوگۆڕى زانیارى هەواڵگرى، زۆر گرنگە لە قۆناغى داهاتوودا.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، سنورى هاوبەشى عێراق لەگەڵ سوریا 605 کیلۆمەترە و هێزى هاوبەشى سوپا و حەشدى شەعبى و هێزەکانى پاسەوانى سنورى لێیە، چەندین رێوشوێنیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنى، وەکو هەڵکەندنى خەندەق، بەربەستى خۆڵین، بەربەستى ئاسنى و دانانى خاڵى چاودێرى و کامێرا.
یەحیا رەسوڵ جەختیکردووەتەوە لەسەر بەردەوامى کارکردن لەناوچە سنورییەکانى نزیک لە ناوچەکانى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا، کە "تیرۆریستانى" لێیە و هێزە عێراقییەکان چەندینجار هێرشیان کردووەتە سەر.
باسى لەوەشکردووە، مستەفا کازمى فەرمانیکردووە بە پاراستنى سنورى سوریا و بەردەوامیدان بە ئۆپراسیۆن لەسەر بنەماى زانیارى هەواڵگرى.