سه‌رۆك كۆمار : دەرفەتێكی مێژوویمان لەبەردەمە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ

  • 11-09-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

    به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار،ئه‌مڕۆ هه‌ینى،له‌میان دیدارى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتیكرده‌وه‌"دەرفەتێكی مێژوویمان لەبەردەمە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ.
     
    دەقی وتەی دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار:
    شەرەفمەندم بە پێشوازیكردن لە برا و هاوڕێم جەنابی سەرۆك وەزيران مستەفا كازمی لە كوردستان، لێرە لە مێرگەپان. لەگەڵیدا وتەكەی جەواهیری لە كوردستان بیردێنمەوە "قلبی لكردستان یُهدی والفمُ ولقد یجودُ بأصغریه المُعدمُ...سلِّمْ علی الجبلِ اڵاشمِّ وعنده من أبجدیات الضحايا معجمُ"،
     
    مستەفا، ئازیز و هاوڕێم، جەنابی سەرۆك وەزیران، دێیت بۆ كوردستان، و تۆ خۆت وەک کوردستانیت، لەناو كەسوكاری خۆتدایت لە كوردستان. دەزانیت ئەم شاخانە هەمیشە پەناگەیەك بون بۆ ئازادیخوازانی عێراق. ئەمڕۆ دەرفەتێكی گەورەمان لەبەردەمە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ. هەمو كارێكی باشت لێڕادەبینم بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەم كێشانە بەجۆرێك كە لەبەرژەوەندیی عێراقییەكاندا بێت هەر لە بەسرەوە بۆ بەغدا و بۆ نەجەف و ئەنبار و موسڵ و بۆ كوردستان لە هەولێر و سلێمانی.
     
    ئەم كێشانە بەتێپەڕبونی ساڵ كەڵەكە بون و دەرفەتی راستەقینەمان هەیە بۆ چارەسەركردنیان. گومانم لەوەدا نییە كە تۆ لەگەڵ تیمە حكومیەكەت و بەپشتیوانیی هەمو چاكەخوازان كاردەكەیت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە و گرفتانە و بۆ بونیادنانی ژیانێكی ئازاد و شكۆمەندانە بۆ هەمو هاوڵاتیان و بۆ فەرمانبەرانی كوردستان و باشور لەپێناو بەدیهێنانی مافی هەموان و دادپەروەریدا. 
    جارێكی تریش بەخێر بێیت بۆ كوردستان.
     
     
     
    دەقی وتەی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران:
    فەخامەتی سەرۆك سوپاست دەكەم. لەڕاستیدا من هاوڕاتم لە هەمو ئەوانەی وتت، پێزانینم هەیە بۆ قەوارەی ئاڵنگارییەكان و بە قەبارەی مێژوی ئەم ناوچەیە كە پەناگەیەك بووە بۆ خودی خۆم و بۆ كۆمەڵێك لە هاوڕێیان، ئەمە بۆ كوردستان لەبیرناكەم.
     
    بیرم ناچێت كە نەهامەتییەكانمان یەك بون. هەروەك نەهامەتییەكانمان لە حەفتاكانیشدا كاتێك كەسوكارە كوردەكانمان لەمیوانداریی و بەخشندەیی كەسوكارەكانمان بون لە خوارووی عیراق، هەروەها میوانداریی كورد بۆ كەسوكارەكانمان لە باشور و باقی ناوچەكانی تری عێراق لە نەوەدەكاندا. پێویستمان بەوەیە كە لەو پەیوەندییە مێژوییانەوە فێربین.
     
    بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕین و دەبێت ئەزمونەكە هەڵسەنگێنین، دەبێت دان بەوەدابنێین كە لە دوای 2003وە نەمانتوانی حكومڕانیەکی تەندروست  لە عێراق دامەزرێنین. ئێستا دەبێت بەدوای ئەو دەرفەتەدا بگەڕێین كە ئەم شكستە بگۆڕێت بۆ سەركەوتن، ئەمەش بە هەبونی تۆ و من و هەمو چاكەخوازان پشتبەخوا سەركەوتو دەبین لە بونیادنانی ئاییندەی رۆڵەكانمان، منداڵانی عێراق. 
     
    جەنابی سەرۆك سوپاست دەكەم بۆ هەوڵەكانت لەزاڵبون بەسەر لەمپەرەكانی بەردەم حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بە موچە و هەندێك لە شایستەكانی هەرێمی كوردستان، جەنابت رۆڵی گرنگت هەبو و هەروەها هاوبەشەكانیشمان لە هەرێم و لە بەغدا رۆڵیان هەبوە.
    زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان جەنابی سەرۆك.