كۆبوونه‌وه‌كانى شاندى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا كۆتایی هات

  • 10-09-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع-سۆما جاف

    شاندى باڵاى هه‌رێم كۆتایی به‌كۆبوونه‌وه‌كانى له‌به‌غدا هێنا له‌باره‌ى دۆسییه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.
    سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌،ڕایگه‌یاند كۆبوونە‌وە‌ی شاندى باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی حكومه‌تى هه‌رێم، لە‌گە‌ڵ وە‌زیرانی نە‌وت و دارایی و كارە‌بای حكومه‌تى فیدڕاڵى كۆتایی ھات وشانده‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر.
    سە‌میر ھە‌ورامی لە‌بارە‌ی رێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، وتی: قوباد تاڵە‌بانی لە‌ كۆبوونە‌وە‌كان ئامادە‌یی ھە‌رێمی نیشانداوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌بارە‌ی پرسی داھاتی نە‌وت و دە‌روازە‌ سنورییە‌كان و پرسی داھاتە نا نەوتییەكانی تر.
    ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو، كۆبوونە‌وە‌كان‌ ئە‌رێنی بوون، بە‌ وردی گفتوگۆ لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان كرا، بە‌تایبە‌ی پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنییە‌تی جێگیر كردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی ٢٠٢١ كە‌ ئێستا حكومە‌تی عێراقی لە‌سە‌رووبە‌ندی داڕشتنەوەیەتی.
    ھە‌روە‌ھا وتی: كۆبوونە‌وە‌ی لیژنە‌ لاوە‌كییە‌كان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌ بە‌غدا تا ئە‌وكاتە‌‌ی دە‌گە‌نە‌ میكانیزمێكی گونجاو، بە پشت بە‌ستن بە‌ دە‌ستور، بەمەبەستی چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌ یاسایی و تە‌كنیكییە‌كان.