بهغدا-اهع
دەزگای شەهیدان،ئهمڕۆ دووشهممه، زیاتر لە ٥٠٠ شەهیدى لە خۆپیشاندانەکانى تشرینى پێشووی عێراقدا تۆمارکرد، کە موچەى ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دینار بۆ میراتگرەکانیان دەبڕدرێتەوە.
تارق مەندەلاوى بەڕێوەبەرى گشتى قوربانیانى تیرۆر و پڕۆسە سەربازییەکان لە دەزگای شەهیدان بۆ ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) راگەیاندووە، ٩٠٪ی کارەکانى تۆمارکردنى شەهیدانى خۆپیشاندانەکانى عێراق کۆتایهاتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە دوو رۆژى داهاتوودا بەمەبەستى تۆمارکردنیان فۆرمى تایبەت بە مامەڵەى برینداران بڵاودەکەنەوە.
باسی لەوەشکرد، موچەى هەر شەهیدێک بە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دینار دیاریکراوە، کە مانگانە دەدرێت بە میراتگرەکانیان، دەشڵێت، "بریندارەکانیش بەپێی رێژەیی بریندارییان موچەیان پێدەدرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بریندارانەى رێژەى برینداربوونیان ٣٠٪ بۆ ٥٠٪یە مانگانە ٤٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرێت، ئەوانەشى کە رێژەکەیان ٥٠% بۆ ٧٠٪یە مانگانە ٨٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرێت.
دەشڵێت، ئەو بریندارانەى رێژەى برینداربوونیان ٧٥٪ بۆ ١٠٠٪ـە وەک شەهید هەژمار دەکرێن و موچەى ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرێت.
بەپێی ئامارەکانى دەزگاى شەهیدانى عێراق، شەهیدەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون، ٢٩٦ لە بەغدا، ١٢٠ لە ناسریە، ٤١ شەهید و بێسەروشوێن لە بەسرە، پارێزگاکانى بابل و کەربەلا و نەجەف و دیوانیە و واست و میسان ژمارەى شەهیدەکانیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ شەهیددایە.