به‌غدا-اه‌ع
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له چه‌ند رۆژی داهاتودا ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز ببنه‌وه، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه، به‌ته‌واوی دۆخه‌كه له‌كۆنترۆڵ ده‌ربچێت.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه،رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای هۆشدارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و رێنماییه به‌رده‌وامه‌كانی له ڕێگه‌ی هه‌مو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه، له‌سه‌ر پێویستیی په‌یڕه‌وكردنی رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی و به‌كارهێنانی ده‌مامك و پاراستنی مه‌ودای نێوان هاوڵاتیان و رێگریكردن له‌كۆبونه‌وه، ئه‌مڕۆ زۆرترین حاڵه‌تی توشبون به‌كۆرۆنا تۆماركرا كه ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی بۆ پابه‌ند نه‌بون به‌رێنماییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، له‌دوای هه‌ردو جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنی قوربانه‌وه، ژماره‌ی تۆماركراوه‌كانی توشبوانی رۆژانه و گیانله‌ده‌ستدان به‌و ڤایرۆسه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر رویان له‌به‌رزبونه‌وه كردوه.
ئاماژه‌یشى دا"سه‌ربارى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى ده‌سته حسێنییه‌كان پابه‌ندى ڕێنماییه‌كانى خۆپارێزى وه‌كو چۆن له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانى ڕابردوو ستایشى ڕێوشوێنه‌كانمان كرد،به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌دى ده‌كرێت قه‌ره‌باڵغى زۆر هه‌یه له‌زۆربه‌ى شوێنه‌كان وه‌كو شه‌قام وبازاڕ وچێشتخانه وچه‌ند شوێنى تر به‌بێ گرتنه‌به‌رى هیچ ڕێوشوێنێك له‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه‌ى پێكردووه،ئه‌مه‌یش بۆته هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى توشبووان".
ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له رۆژانی داهاتودا ژماره‌ی توشبوان زیاتر به‌رزده‌بێته‌وه، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش له‌ئارادا هه‌یه، دۆخه‌كه به‌ته‌واوی له‌كۆنترۆڵ ده‌ربچێت، چونكه ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان توانای وه‌رگرتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی توشبوانیان نیه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، له‌به‌شێكی زۆر له‌وڵاتانی جیهان ئاسانكاری بۆ رێكاره‌كانی خۆپارێزی كراوه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا هاوڵاتیان خۆیان هۆشیار بون و پابه‌ندی رێنماییه‌كان بون بۆیه ژماره‌ی توشبوانیان روی له‌كه‌مبونه‌وه كردوه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه داوای له‌هاوڵاتیان كردوه، هه‌مو رێوشوێنێكی توندی خۆپارێزی بگرنه‌به‌ر و ده‌ستكێش و ده‌مامك به‌كاربهێنن وده‌سته‌كانیان پاكژبكه‌نه‌وه وهه‌روه‌ها دوربكه‌ونه‌وه له شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان.