ئەنجوومەنی وەزیران سێى تشرینى یه‌كه‌م وه‌ك رۆژی نیشتمانی عێراق دیاریدەکات

  • 1-09-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    ئەنجوومەنی وەزیرانی رۆژی نیشتمانی دیاری دەکات و وەک پرۆژە یاسایەک رەوانەی پەرلەمانی دەکات، سەرۆکوەزیرانیش لەبارەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2020 دوو بڕیاری دەرکرد. 
    بەپێی راگەیه‌ندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، ئه‌مڕۆ سێشەممە،کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی بەڕێوەچوو. دیارترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە:  
      
    یەکەم: دامەزراندنی پزیشکان بەدەربکرێت لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 92ی ساڵی 2020 .
     
    دووەم: رەزامەندیدان لەسەر:
     
    - گرێبەستی فەرمانبەران و کرێکەیان لە وەزارەتی کارەبا لە بودجەی وەبەرهێنان بگوازرێتەوە بۆ بودجەی بەکاربردن.
     
    - خەرجکردنی شایستە دارارییە کەڵەکەبووەکانیان، کە لای وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەتە.
     
    - وەزارەتی دارایی پارەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کە لە لای وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت هەیە خەرج بکات. 
     
    سێیەم: پەسندکردنی راسپاردەکانی ئەنجوومەنی راوێژکاریی تایبەت بە رێکارەکانی هاوردەکردنی مۆتۆرسیکل.
     
    چوارەم: پەسندکردنی راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی وزە، ژمارە 25ی ساڵی 2020 ، کە وەزارەتی نەوت رێکاری واژۆکردنی رێکەوتی قەرز جێبەجێبکات. 
     
    پێنجەم: پەسندکردنی راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی وزە ژمارە24ی ساڵی 2020 لەبارەی رەزامەندیدان لەسەر هەردوو بڕگە 5 و 6 لە پاشکۆی گرێبەستی کۆمپانیای گازی باشوور و کۆمپانیای ( BH-GE )، تایبەت بە پرۆژە گازی کێڵگەی ناسریە و غەراف.
     
    شەشەم:
     
    - دیاریکردنی مێژووی سەربەخۆی عێراق، کۆتاییهاتنی ماندات (ئینتیداب)ی بەریتانیا لە 3ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1932، مێژوویەکی گونجاوە و ساڵانە وەک رۆژی نیشتمانیی عێراق یادی دەکرێتەوە. 
     
    - فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژە یاسایەک ئامادەدەکات لەبارەی جەژنی نیشتمانی کۆماریی عێراق، کە جیاواز و سەربەخۆ دەبێت لە یاسای تایبەت بە پشووە فەرمییەکان.
     
    - رەوانەکردنی پرۆژە یاسای جەژنی نیشتمانی عێراق بۆ پەرلەمان.
     
     هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران داوایکرد کە: 
     
    1-وەزارەتی دارایی، بازرگانی، کشتوکاڵ و راوێژکاری سەرۆکوەزیران، چارەسەرێکی بەپەلە بدۆزنەوە لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە بەرامبەر ئەو بەرهەمەی رادەستی هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵیان کردووە لە ساڵی 2020.
     
    2- لەماوەی یەک هەفتەدا راسپاردەکانیان بۆ سەرۆکوەزیران بەرزبکەنەوە، میکانزمی خەرجکردنی تەواوی شایستە داراییەکان پێش کۆتایی ساڵی 2020 لە خۆبگرێت.