هه‌ولێر-اه‌ع-سۆما جاف
به‌شیر حه‌داد جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ هه‌ینى،دووپاتیكرده‌وه،شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات بۆ ته‌واوكردنى گفتوگۆكان.
حه‌داد بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)،ڕایگه‌یاند"شاندى هه‌رێم گفتوگۆى سێ دۆسییه‌ى گرنگ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدڕاڵى ده‌كات"،وتیشى"ئه‌و دۆسییانه بریتیین له‌به‌شه بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌بوودجه‌ى گشتى ساڵى داهاتوو،له‌گه‌ڵ دۆسییه‌كانى نه‌وت وده‌روازه سنوورییه‌كان".
ڕوونیشیكرده‌وه"به‌پێى زانیارییه‌كان كه ئێمه لێى ئاگاداریین شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات بۆ ته‌واوكردنى گفتوگۆكانى پێشووى نێوان هه‌ردوولا،وگه‌یشتن به‌لێكتێگه‌یشتن وڕێككه‌وتن له‌باره‌ى پرسى بوودجه‌ى ونه‌وت وده‌روازه سنوورییه‌كان".
حه‌داد وتیشى"تائێستا دیار نییه شانده‌كه به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت یاخود نا،به‌ڵام ئه‌وه‌ى ساغ بۆته‌وه شانده‌كه حكومییه".
پێشووتریش شاندێكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا كرد وگفتوگۆى له‌باره‌ى پشتیوانى كردنى حكومه‌ت وڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانى كرد وكۆتایی هێنان به‌ناكۆكییه‌كانى نێوان به‌غدا وهه‌ولێر.