بهغدا-اهع
لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەزیری بەرگری فرەنسا... سەرۆك كۆمار جەختدەكاتەوە لەگرنگی پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی تورکیا
سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازیكرد لە فلۆرانس بارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا و شاندی هاوڕێی.
نوسینگهى راگهیاندنى سەرۆك كۆمارلهراگهیاندراوێكدا كه دهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) كهوتووه رایگهیاند:"بهرههم ساڵح جەختیكردەوە لەپێویستی خستنەگەڕی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و ریشەكێشكردنی یەکجاری ئەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەموو شێوەكانی توندڕەوی، ھاوکات ئاماژەیكرد بۆ گرنگی راوێژ و كاری هاوبەش لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتایی ھێنان بە قەیران و گرژییەكان لە ناوچەکەدا، هەروەك رۆڵی كارای فەرەنسای بەرزنرخاند لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا ساڵح جەختیكردەوە لە پێویستی پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و رێگرتن لە دەست خستنە ناو كاروباری ناوخۆی عێراق، دووپاتیشیكردەوە لەگرنگی راگرتنی پێشیلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق كە بە سەرپێچیەكی روون و ئاشکرا دادەنرێت بۆ سەر سەروەری وڵات و پێشیلكردنی یاسا و رێكکەوتنامە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییەكانی دراوسێیەتی.
لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری عێراق و پاراستنی سەروەری و پاڵپشتی فەرەنسای هاوشانی عێراق بۆ رێگریگردن لە پێشێلكارییەكان بۆ سەر خاكەكەی دووپاتکردەوە، ئامادەیشی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی بە هێزە عێراقییەكان لەرووی ئامادەکردن و راهێنان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر.
هەر لەو دیدارەدا باس لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییەكان لە تەواوی بوارەكاندا کرا، بە تایبەت هەماهەنگی ئەمنی و بونیادنانی توانا سەربازییە عێراقییەكان و خستنە رووی دواین گۆرانكاری و بەرەوە پێشچونەكان لە سەر ئاستی هەردوو گۆرەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.