بهغدا-اهع
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی،ئەمڕۆ یەكشەممە،رایگەیاند كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش خاڵی ژمارە هەشتی لە سەربازگەی تاجی باكووری بەغدا، رادەستی هێزەكانی عێراق كردووەتەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) رایگەیاند،لەرێورەسمێكدا، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، خاڵی ژمارە هەشتیان لە سەربازگەی تاجی رادەستی هێزەكانی عێراق كردەوە.
خەفاجی ئاماژەی بەوەیش داوە، خاڵی ژمارە هەشت لە سەربازگەی تاجی لەلایەن هێزەكانی ئوسترالیا، نیوزیلاند و ئەمریكاوە بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەكانی عێراق بەكار دەهێندرا و باسی لەوەیش كردووە كە لەمەودا ئەو خاڵە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە بەكاردەهێندرێت.
وتیشی: "دوای تەواوبوونی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، خاڵی ژمارە هەشت لە سەربازگەی تاجی بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكوەزیرانی عێراق و رادەستی هێزەكانی عێراق كرایەوە".
سەبارەت بە رادەستكردنەوەی خاڵەكانی دیكە، لیوا تەحسین خەفاجی روونی كردەوە كە پلان بۆ رادەستكردنەوەی خاڵەكانی دیكە داندراوە.