بهغدا-اهع
وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان،ئهمڕۆ شهممه، رایگەیاند، ئێران بەردانەوەى ئاوى هەردوو روبارى سیروان و زێی بچوکی کەمکردۆتەوە و داواشی لە وەزارەتی دەرەوە کرد، رێکاری پێویست لەو بارەوە بگرێتەبەر.
عەونى زیاب وتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان بۆ ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) رایگەیاند، کەمبوونەوەى ئاستى روبارى سیروان و زێی بچوک زیانى گەورەى بە عێراق گەیاندووە، بەتایبەتى لەلاى روبارى دیالە، کە پارێزگاى دیالە بەتەواوى پشتى پێدەبەستێت، هەروەها ئاستى ئاوى بەنداوی دوکان، کە پرۆژەى ئاوى کەرکوک پشتى پێدەبەستێت کەمبووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، نزیکەى چوار رۆژ لەمەوبەر ئەو دابەزینەیان تۆمارکردووە، لە روبارى سیروان رێژەکە زیاترە و لەنێوان چوار بۆ حەوت مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، هەروەها لە روبارى زێی بچوکیش دوو مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، ئەوەش بەنزیکەیی واتە بڕینى تەواوى ئاوەکە.
باسى لەوەشکردووە، ئەو رێوشوێنە بەشێوەیەکى گەورە کاریگەرى لەسەر ئاستى گلدانەوە ئاو لە هەردوو بەنداوى دوکان و دەربەندیخان دروستکردووە، سەربارى کاریگەرى راستەوخۆ لەسەر هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان داوایان لە لایەنى ئێرانى کردووە ئاوى پێویست بەربدەنەوە وەکو پێشوو، هیواداریشن وەزارەتى دەرەوە لەو بارەوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر.