كازمى: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ڕاوه‌دوونانى گه‌نده‌ڵكاران

  • 20-08-2020, 00:00
  • +A -A

     واشنتۆن-اه‌ع-زینه‌ ئیبراهیم

     
    و:سۆما جاف
     
    مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌،ڕایگه‌یاند له‌ئێستادا دانوستان ئه‌نجامده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌زگاى یاسایی جیهانی تایبه‌ت به‌ڕاوه‌دوونانى گه‌نده‌ڵكاران ولێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌گرێبه‌سته‌كانى گه‌نده‌ڵى،وكاركردن بۆ به‌رپرسیارێتى خستنه‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستكارى سامانى وڵات وسامانى كه‌سانى دیكه‌ له‌نێوخۆى وڵات ده‌كه‌ت ،جه‌ختیشیكرده‌وه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى یه‌كێك له‌ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى.
     كازمى له‌وتارێكیدا له‌ژوورى بازرگانى ئه‌مریكا له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌كى زۆرى كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ،كه‌په‌یامنێرى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ئاماده‌ى بوو ڕایگه‌یاند"ئێمه‌ ڕووبه‌رووى ئاسته‌نگى ڕاسته‌قینه‌ بووینه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌وڵاتدا وله‌سایه‌ى ژێرخانى لاوازى مێژوویی كه‌رتى ته‌ندروستى".
    وتیشى"ماوه‌ى سێ مانگه‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانم وه‌رگرت وده‌ستبه‌جێ به‌و په‌ڕى توانا ڕێوشوێنه‌كانمان گرته‌ به‌ر بۆ ڕاگرتنى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا له‌عێراق،له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیدان به‌هه‌ندێك له‌ڕێوشوێنه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى ڕابردوو له‌م بابه‌ته‌دا،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م په‌تایه‌ له‌كاتێك ته‌شه‌نه‌ى كرد كه‌عێراق تووشى قه‌یرانى دارایی وئابوورى بێ وینه‌ بوو به‌هۆى دابه‌زینى به‌رچاوى داهاته‌كانى نه‌وت كه‌بوودجه‌ى عێراق به‌ڕێژه‌ى زیاتر له‌سه‌دا 90 پشتى پێى به‌ستووه‌،سه‌ربارى ئه‌م ڕه‌وشه‌ سه‌خته‌ش به‌ڵام ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاسته‌نگییه‌كان وبووژاندنه‌وه‌ى ئابوورى عێراق".
     كازمى ڕایشیگه‌یاند"یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌تان بۆ دووپاتده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌عێراق به‌ره‌و قۆناغێكى نوێ هه‌نگاو ده‌نێت،ویه‌كێك له‌ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ڕاستكردنه‌وه‌ى ڕێره‌وى ئابوورى به‌جه‌ختكردن له‌سه‌ر دوو بنه‌ماى سه‌ره‌كى،جێ به‌جێ كردنى به‌رنامه‌ى چاكسازى گشتگیر كه‌هه‌موو سێكته‌ره‌ ئابوورییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ وله‌هه‌مان كاتدا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى وبه‌هێزكردنى شه‌فافیه‌ت".
    وتیشى"سه‌رباره‌ت به‌بنه‌ماى یه‌كه‌م عێراق هێشتا به‌ده‌ستى گرفتى سه‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت كه‌له‌زاڵبوونى كه‌رتى حكومى وپشت به‌ستن به‌نه‌وت وه‌ك پیكهاتێكى سه‌ره‌كى بۆ كۆى به‌رهه‌مى ناوخۆیی خۆى ده‌بینێته‌وه‌،له‌پاڵ كێشه‌كانى تر له‌ده‌رئه‌نجامى كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌كانى گه‌شه‌سه‌ندن وداهاتى تاكى عێراقى وبه‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌كانى بێكارى".
     كازمى ڕایگه‌یاند"ئه‌مڕۆ حكومه‌ته‌كه‌مان هه‌وڵى ئه‌نجامدانى چاكسازى ڕاسته‌قینه‌ ده‌دات هه‌ندێكیان پێوستى به‌ئارام گرتنه‌ وهه‌ندێكیشیان ڕه‌نگه‌ بۆ مه‌ودایه‌كى كورت ئازاربه‌خش  بن به‌ڵام زۆر پێویستن بۆ بووژاندنه‌وه‌ى ئابووریمان بۆ مه‌ودایه‌كى دوور،چاكسازى ڕاسته‌قینه‌ تاكه‌ بژارده‌ى ئێمه‌یه‌ له‌سه‌وداكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌ وله‌م ڕه‌وشه‌ سه‌خته‌دا".
    ڕوونیشیكرده‌وه‌"یه‌كێك له‌گرنگترین بنه‌ماكانى سیاسه‌تى چاكسازى كه‌حكومه‌ته‌كه‌م له‌ئه‌مڕۆدا جێ به‌جێى ده‌كات ،هه‌بوونى به‌رنامه‌یه‌ پشت به‌جۆراوجۆربوونى په‌یكه‌ربه‌ندى ئابوورى ده‌به‌ستێت له‌ڕێگاى پاڵپشتى وكاراكردنه‌وه‌ى سێكته‌ره‌ ئابوورییه‌ نانه‌وتییه‌كان وه‌ك كشتوكاڵى وپیشه‌سازى وخزمه‌تگوزارییه‌كان".
    سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌درێژه‌ى قسه‌كانى وتى"عێراق خاوه‌ن ڕێژه‌یه‌كى فراوانى سه‌رچاوه‌رى سروشتى ومرۆییه‌ وڕێگاخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌پێشه‌نگ وڕیزبه‌ندى ئابوورییه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بێت وهه‌روه‌ها پلانى چاكسازى ئارادایه‌ بۆ دروستكردنى ئابوورى بازاڕ وئابوورى ڕكابه‌ر كه‌تیایدا ڕۆڵى سه‌ره‌كى بۆ كه‌رتى تایبه‌ت ده‌بێت نه‌ك كه‌رتى ده‌وڵه‌ت هاوشێوه‌ى وڵاتانى دیكه‌ى جیهان،وهه‌روه‌ها جه‌ختكردن له‌سه‌ر كه‌رته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وخزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ك ته‌ندروستى وخوێندن كه‌له‌گرنگترین ئامانجه‌كانى گه‌شه‌كردنى تواناكانى گه‌لى عێراق ودابینكردنى سه‌ره‌كیترین داواكارییه‌كانێتى له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ژێرخانه‌كان به‌به‌شدارى كه‌رتى تایبه‌ت".
     ڕوونیشیكرده‌وه‌"ساڵانێك زۆر له‌ناسه‌قامگیرى سیاسى بووه‌ هۆى داڕمانى ژێرخانه‌كان له‌به‌شێكى گه‌وره‌ له‌عێراق كه‌له‌ئه‌نجامدا بووه‌ هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ له‌دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان وله‌مپه‌ر به‌رامبه‌ر بووژاندنه‌وه‌ى ئابوورى".
    كازمى وتیشى"جێ به‌جێ كردنى ئه‌م چاكسازییانه‌ له‌پاڵ ئه‌وانه‌ى تر ده‌بێته‌ هۆى پشتیوانى گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوورى ودروستكردنى ئابوورییه‌ك تواناى به‌رگه‌گرتنى هه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌ جۆراوجۆره‌كانى سیاسى وئه‌منى وئابوورى،هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ى چاكسازى هه‌وڵى پاراستنى ئاستى داهات وكه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى بێكارى ودروستكردنى ژینگه‌یه‌كى له‌بارى وه‌به‌رهێنان وڕاكێشانى توانا ولێهاتووییه‌كان ده‌دات".
    سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وتیشى"بنه‌ماى سه‌ره‌كى  بنه‌ماى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى وبه‌هێزكردنى شه‌فافیه‌ته‌،به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیش یه‌كێكه‌ له‌گرنگترین ئامانجه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌مان وله‌بواره‌دا ته‌نها گوفتار نابین به‌ڵكو كرده‌یی ده‌بێن وبه‌ڵگه‌یش ده‌بێت له‌سه‌ر سووربوونمان بۆ له‌ناوبردنى سه‌ره‌كیترین ئاسته‌نگییه‌كان كه‌ڕووبه‌رووى عێراق بۆته‌وه‌ ئه‌ویش گه‌نده‌ڵییه‌،وله‌ئێستاشدا دانوستان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌زگاى یاسایی جیهانی تایبه‌ت به‌ ڕاودوونانى گه‌نده‌ڵكاران ولێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌گریبَه‌سته‌كانى گه‌نده‌ڵى  ،وكاریش ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سانه‌ى ده‌ستكارى سامانى وڵات وسامانى كه‌سانى تریان له‌ناوه‌وه‌ى عێراق كردووه‌ بخرێنه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى".
     كازمى ئه‌وه‌یشى وت"له‌پال هه‌موو ئه‌مانه‌،ده‌ستده‌كه‌ین به‌دووباره‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌یاسا ویاساڕێژییه‌كان بۆ له‌ناوبردنى بۆشاییه‌ یاسایی وكارگێڕییه‌كان كه‌ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌نده‌ڵى كارگێڕى ودارایی،ئێمه‌ ئه‌مڕۆ هه‌وڵى واژۆكردنى ژماره‌یه‌ك یاداشتنامه‌ ده‌ده‌ین له‌بواره‌كانى وزه‌ وبه‌داراییكردن ووه‌به‌رهێنان،ئێمه‌ هاوكارییه‌كانى ئێوه‌ به‌رزده‌نرخێنین وهاوكارى كۆمپانیاكانتان ده‌نرخێنین له‌به‌رده‌وام بووه‌ وبۆ ساڵانێكى دووریش به‌رده‌وام ده‌بێت".
    ڕایشیگه‌یاند"له‌پاڵ بواره‌كانى هاوكارى ئابوورى مێژووییی،ئه‌مڕۆ سنوورى هاوبه‌شییه‌كانمان فراوانتر وپته‌وتر ده‌كه‌ین ،سووتاندنى غاز ئاسته‌نگییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌عێراقدا،وله‌هه‌مان كاتیشدا كێشه‌یه‌كى ئابوورى وژینگه‌ییه‌ ڕووبه‌رووى عێراق بۆته‌وه‌،به‌ڵام به‌هاوكارى له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كانمان خوازیارین ئه‌م پێكهاته‌ گرنگه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با به‌كاربهێنین كه‌زۆر پێویستیمان پێیه‌،هه‌روه‌ها له‌پرسى گه‌ڕان به‌دواى نه‌وت ئێمه‌ لێره‌دا پێكه‌وه‌ گفتوگۆى ته‌واوكاریی پیشه‌سازى نه‌وت ده‌كه‌ین كه‌پاڵاوگه‌كان وكارگه‌ كیمیاوییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌".
     كازمى دووپاتیكرده‌وه‌"له‌بواره‌كانى داراییكردن ووه‌به‌رهێنان به‌توندوتۆڵى كارده‌كه‌ین بۆ ڕاكێشانى وه‌به‌رهێنانه‌كانتان وپاراستنى وشاره‌زاییه‌كانتان له‌سێكته‌ره‌ گرنگ وجیاجیاكانى ئابوورى،له‌نێویشیاندا نیشته‌جێكردن وفیركارى وته‌ندروستى".
    سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌كۆتایی قسه‌كانى دا وتى"من باوه‌ڕیی زۆرم هه‌یه‌ به‌هاوپه‌یمانێتییه‌كى به‌هێز وبه‌رده‌وامى نێوان هه‌ردوو وڵاتمان كه‌ڕه‌نگه‌ سوودێكى زۆر بگه‌یه‌نێت له‌بواره‌كانى گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوورى وچاكسازییه‌كان،من متمانه‌ى زۆرم هه‌یه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ سه‌قامگیرى وگه‌شه‌پێدان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌خواست وشایسته‌ی هه‌ردوو گه‌لى ئێمه‌یه‌".