پاش چەند کاژێرێك لە دەستگیرکردنی سه‌رۆكى مالى دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی راگەیاند

  • 19-08-2020, 00:00
  • +A -A

     چاودێرى-اه‌ع

     
    ئەو چەکدارانەی کە رۆژی سێشەممە کودەتایان بەسەر سەرۆکی مالیدا کرد، لیژنەیەکیان بەناوی "لیژنەی نیشتمانی بۆ رزگاریی گەل پێکهێنا" و داوایانکرد پشتیوانیان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
    چەکدارەکان پاش دەستگیرکردنی سەرکردە باڵاکانی مالی و لەنێویشیان سەرۆکی وڵات، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئێستا مالی بە دۆخی راگوزەری سیاسیدا دەڕوات.
    رۆژی سێشەممە لە رێگەی کودەتایەکی سەربازیدا پەرلەمانی مالی هەڵوەشێندرایەوە و هەریەک لە ئیبراهیم بوبەکر کەیتا، سەرۆکی مالی و بوبو سیسێ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەستگیرکران.
    پاش چەند کاژێرێکیش لە دەستگیرکردنی، کەیتا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی مالی راگەیاند.
    کۆلۆنیل ئیسماعیل واگی، گوتەبێژی کودەتاچییەکانی مالی کە پێشووتر یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی مالی بووە، رایگەیاندووە ئەوان تەنیا لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی مالی ناچار بوون پەنا بۆ بژارەی سەربازی ببەن.
    واگی هەروەها رایگەیاند: "لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵبژاردن دەکرێت و حکومەتێکی نوێ بۆ مالی پێکدەهێنرێت، بەڵام رێز لە هەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دەگیرێت کە حکومەتی مالی واژۆی لەسەر کردبێت". 
    لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە نەیارەکانی ئیبراهیم کەیتا، سەرۆکی مالی، خۆپێشاندانی بەرفراوانیان دەستپێکرد و داوایان لێکرد واز لە پۆستی سەرۆکایەتی بهێنێت، ئەوەش لەبەرئەوەی تۆمەتباریان دەکرد بە گەندەڵی و شکستهێنان لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتدا.
    کۆماری مالی دەکەوێتە رۆژئاوای ئەفریقا و پایتەختەکەی باماکۆیە. مالی هاوسنوورە لەگەڵ جەزائیر، نیجەر، بورکینۆفاسۆ، کۆتدیڤوار، گینیا و مۆریتانیا. 
     
     سه‌رچاوه‌:ڕووداو