دەستپاکی بە بەهای 46 ملیار دینار خانوبەرى گەڕاندەوە بۆ ده‌وڵه‌ت

ناوخۆ
  • 18-08-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند، بە بەهای 46 ملیار دینار ژمارەیەک خانوبەرەیان لە پارێزگای کەرکوک لەچنگی زیادەڕۆکاران دەرهێناوە وگەڕاندویانەتەوە بۆ موڵکی دەوڵەت.  
    دەستەی دەستپاکی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، ڕایگەیاند، توانیویانە سێ خانووبەرە لەپارێزگای کەرکوک بگەڕێننەوە بۆ موڵکی دەوڵەت کە بەهای خەمڵێندراویان بە زیاترلە 46 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت".  
    دەستەکە ئاماژەى بەوە کردووە "فەرمانگەی لێکۆڵێنەوەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی عێراق چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە زیادەڕەویان کردووەتە سەر باڵەخانەیەکی سەر بە شارەوانی کەرکوک کە بەشێک لە باڵەخانەکەیان بۆخۆیان قۆستوەتەوە و دوکانیان لێی دروستکردووە و بەکرێ داویانە بەهاووڵاتیان، خانووبەرەکە بەهاکەی بە زیاتر لە 27 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت".  
    ڕاگەیه‌ندراوەکەی دەستەی دەستپاکی ئەوەی خستووەتەڕوو "لە هەڵمەتێکی دیکەیدا دەستەکە لە پارێزگای کەرکوک توانیویەتی زەوییەک کە ڕووبەرەکەی 95 دۆنمە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانی کەرکوک بگەڕێننەوە بۆ موڵکی دەوڵەت کە لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بەهای ئەو زەوییەش بە زیاتر لە 15 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت".   
    ئاماژ بەوەشکراوە "هەر لە کاروچالاکییە بەردەوامەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق لە پارێزگای کەرکوک، توانراوە زەوییەک بەڕوبەری پێنج دۆنم بگەڕێننەوە بۆ موڵکی شارەوانی پارێزگاکە کە بەهاکەی بە چوار ملیار دینار مەزەندە دەکرێت".  
    دەستەى دەستپاکی  جەختی لەوەشکردووەتەوە، پەڕاوی لێکوڵێنەوە لە دۆسییەکان بە پێی ڕێکارە یاساییەکان بۆ تاوانباران کراوەتەوە و لە ڕێگەی دادگای لێکۆڵێنەوەی کەرکوکەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تاوانبارى پرۆسه‌ى سێیه‌م دەرچووە به‌پێى بنه‌ماكانى بڕیارى ژماره‌ 154ى ساڵى 2001.