سەرۆکایەتی کۆمار سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیای لە ناوچەی سیدەکان کرد و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق"ی وەسفکرد

  • 11-08-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    سەرۆکایەتی کۆمار، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، سەرکۆنەی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیای لە ناوچەی سیدەکان کرد، کە بووە هۆی شه‌هیدبوونى دوو فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق"ی وەسفکرد.
    سەرۆکایەتیی کۆمار لە ڕاگەیەنراوێکدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،  جەختی کردووەتەوە لەوەی پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق، مەترسیدارن بۆسەر سەروەریی عێراق و داوای کردووە تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا ڕابوەستێنرێت.
    لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو پیشێلکارییانە دەکەین کە تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەکانییەوە ناوچەی سیدەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە، ئەو پێشلکارییە سەربازییە بەردەوامانەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، بە پێشێلکارییەکی مەترسیدار دادەنرێت و سەرپێچییەکی ڕوون و ئاشکراشە بۆ یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی نیازپاکی دراوسێیەتی".
    ڕاشیگەیاندووە، "ئێمە ئەم ڕەفتارە دوژمنکارانە سەرزەنشت دەکەین، کە بووە هۆی شەهیدکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی بێتاوان و ئەفسەران لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور، ھاوکات داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە و دایەلۆگ و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکەین، بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتییانە کە ببێتە مایەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".