ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان:داهاتی مانگی تەمووز 100 ملیار دینار بووە

ناوخۆ
  • 10-08-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

     
    دەستەی دەروازە سنوورییەكان،ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌،رایگەیاند كە ماددە زۆر مەترسیدارەكان لە دەروازە سنوورییەكاندا گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی پارێزراو و ئاماژە بەوەیش دەكات كە داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ مانگی تەمووزی رابردوو، 100 ملیار دینار بووە.
    عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند "لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی ژمارەیەك لیژنەمان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكاندا، پێكهێناوە بۆ ئاشكراكردنی ماددە كیمیاییەكان لە دەروازە سنوورییەكان كە زۆر مەترسیدارن".
    وتیشی: "دوای پێكهێنانی لیژنەكان، ماددە كیمیاییە مەترسیدارەكان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكاندا لەبەر پاراستنی دەروازە سنوورییەكان و ئاسایشی هاووڵاتییان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی دوورەدەست و پارێزراو".
     وائیلی راشیگەیاند كە داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ مانگی تەمووزی رابردوو، 100 ملیار دینار بووە.
    روونیشی كردەوە كە ئەو داهاتە لە كۆی 21 دەروازەی سنووری لە حەوت بۆ هەشت دەروازەی سنووری بەدەست هاتووە. 
    دووپاتیشیكرده‌وه‌،دەستەی ده‌روازە سنوورییەكان هەوڵی زیاتر دەدات بۆ ئەوەی داهاتی زیاتر بۆ پاڵپشتیكردن لە گەنجینەی وڵات بەدەست بێت بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا وڵاتی گرتووەتەوە".
    سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان، رایگەیاند كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كۆبوونەوەیەكی ئامادەكاریی كردووە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنی كوردی و بۆ ئەو مەبەستەیش پلانێكی ورد لەسەر بنەمای هاوبەشی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی باش داندراوە.