ترەمپ بەڵێنی دابینکردنی هاوکاری دارایی گەورە بە لوبنان دەدات

  • 10-08-2020, 00:00
  • +A -A

     چاودێرى-اه‌ع

     
    سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پەیمانیدا بە دابینکردنی قەبارەیەکی گەورەی هاوکاری دارایی بۆ لوبنان، بەهۆی ئەو تەقینەوە گەورەیەی چواری ئەم مانگە لە بەیروت رویدا، بەڵام قەبارەی هاوکاریەکەی دیارینەکردوە.
    دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی دابینکردنی هاوکاری بۆ لوبنان کە لەلایەن فڕەنساوە رێکخرابو رایگەیاند، "چەندین وڵاتی جیهان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لوبنان لە تێپەڕاندنی ئەوکارەساتەی کە بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروتەوە روبەڕوی بوەتەوە دەربڕیوە، لەو چوارێوەیەشدا واشنتن هاوکاری دارایی گەورە پێشکەش بە لوبنان دەکات".
    ترەمپ رەتیکردەوە، قەبارەی هاوکارییە داراییەکە ئاشکرابکات، بەڵام باسی لەوەکرد کە قەبارەی هاوکارییەکە "زۆر گەورە" دەبێت.
    ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن لە پلانیدایە فڕۆکەیەکی دیکەی هاوکاری پزیشکی و مرۆیی بۆ لوبنان بنێرێت، بەمەستی بەهاناوە هاتنی بریندارانی کارەساتەکە.
    هەشتی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ لەتویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە،  ئەمریکا هاوکار دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی لوبناندا، بۆ گەیاندنی هاوکاری پزیشکی و مرۆیی بۆ ئەو وڵاتە، لە داهاتوشدا هاوکاری زیاتریشیان بۆ دەنێرێت.
    چواری ئەم مانگە، له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یەکی گەورە له‌ بەندەری به‌یروت 158 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش برینداربون، هاوکات زیانە ماددیەکانیش بە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.