بهغدا-اهع
سەرۆک بەرهەم ساڵح داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی پاك و بێگەرد، بە چاودێری نێودەوڵەتی دەکات و رایدەگەیەنێت، داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، زو بە زوو یاسای هەڵبژاردنەكان تەواوبكات و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاوەكو پەسەندی بكات و حکومەت دەست بە جێبەجێكردنی بكات
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه، رایگەیاند، "لە دواھەمین كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقیشدا ئەم پرسەمان لەگەڵ هەردو بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێكرد، پێکەوە جەختمان لە گرنگی پەیوەستبون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی ئازاد و پاك و بێگەرد كردەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە پێناو زو بە زو گەیشتنیش بە هێنانەدی ئەو پابەندبونە حكومییەش، جەخت لە گرنگی كاركردنی لێبڕاوانە دەكەنەوە، چونكە تەنگژە سیاسییەكەی عێراق بواری بۆ خۆدزینەوە و خەمساری و خاوخلیچكی نەھێشتۆتەوە، ئەو دۆخە ناهەموار و ئازاربەخشەی كە یەخەی گەلەكەمانی گرتوە، پێویستی بە بڕیارێكی نیشتمانی ئازایانە هەیە، كە هەڵقوڵاوی بەركەوتە و مافی گەل بێت لە دیاریکردنی حكومەتێكی نیشتمانی سەربەخۆی تۆكمە، لەسایەی هەڵبژاردنێكی ئازادی پاك و بێگەردا.
سەرۆک بەرهەم باسی لەوەشکردوە، "داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین، زو بە زو یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاوەكو ئێمەش پەسەندی بكەین و حکومەت دەست بە جێبەجێكردنی بكات. ھەورەک چۆن داواکارین پەلە بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی".
لە بەیاننامەکەی سەرۆک کۆماردا هاتوە، "جەختیش لەوە دەكەینەوە كە لە عێراق توانای دابینکردنی بودجە و ئاسانكارییە پێویستەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانمان ھەیە، بەجۆرێك كە کۆمیسیۆن بتوانێت سەربەخۆیی خۆی و پاک و بێگەردی ھەڵبژاردنەکان دەستەبەر بكات".
سەرۆک بەرهەم ئەوەشی خستەڕو، "كرۆكی ئەو تەنگژەیەی کەئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە و بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هەڵقوڵاوی تەشەنەكردنی گەندەڵی و كاریگەرییە ڕاستەوخۆكانیەتی کەھەردەم بەربەستن لەبەردەم ھێنانەدی چاكسازییە داواكراوەكان، ئەو گەندەڵییە تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنیشەوە بە هۆی ئەو یاریكردن و ساختەكارییەی کە بە ئەنجامەكانییەوە دەكرێت، ئەمەش بوەتە هۆی بێ متمانەی هاوڵاتییان و خۆبەدورگرتن و رەوینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان".