بهغدا-اهع
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق،ئەمڕۆ دووشەممە بەڵێنیدا هەوڵی تەواو بدرێت بۆ گەڕان بەدوای رفێندراوانی كوردانی ئێزیدیی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەوڵی گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كەسوكاریان بدرێت.
نووسینگەی كازمی لەراگەیەنراوێكداكەدەستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كەوتووە، رایگەیاند: كازمی پێشوازیكرد لە ژمارەیەك لە كچان و كوڕانی رزگاربووی ئێزیدیی لە قەزای شەنگال و گوندی كۆجۆ و ناوچەكانی دەوروبەری، وێرای بەخێرهاتنیان، یادی ئەو تاوانە وەحشیگەرییانەی تیرۆرستانی داعشی كردەوە كە لە 3ی ئابی ساڵی 2014 دا دەرهەق بە كوردانی ئێزیدیی كران، و ئاماژەشی بە دۆخی سەختی ژیان و گوزەرانی ئێزیدییەكان دا كە لەدوای ئازادكردنی ناوچە و گوندەكانیان بەسەریان بردووە.
كازمی جەختیشی كردەوە، ئەوەی بەسەر هاووڵاتیانی ئێزیدیدا هات، ئێش وئازاری سەرجەم عێراقییەكانە، كە هەرگیز دووبارە نابێتەوە، تاوانێكی قێزەونە كە بووە مایەی گرنگی و سۆزی رای گشتی جیهان، لەبەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی بەرامبەریان كرا، سەرتاپای جیهان لەگەڵ پرسە رەواكەیاندا وەستان.
دووپاتیشی كردەوە: كار لەسەر بەزیندوو هێشتنەوەی ئەو تاوانە دەكەین، تاوەكو نەوەكانی داهاتوو ئاگاداری تاوانی وەحشیگەرانەی تیرۆرستانی داعش بن و ئازایەتی هێزە ئەمنییەكان و سەركەوتنیان بەسەر تیرۆرستاندا لەبیرنەچێت، كە توانییان ناوچەكان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو تاقمە مرۆڤكووژە رزگار بكەن و پارێزگای لە یەكێتی و سەروەری خاكی عیراق بكەن.
كازمی بەوەفدی كوردانی ئێزیدیی راگەیاند: عیراق وڵاتی خۆتانە، حكومەت سوورە لەسەر خزمەتكردن و پاراستنی پێناسەی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عیراق، بوونی فرە ئیتنیكی و پێكهاتەی جۆراوجۆر لەعیراق، خاڵی بەهێزن بۆ عیراق.
كازمی بەڵنیشیدا كە هەوڵی جددی بدرێت بۆ گەڕان بەدوای رفێندراوانی ئێزیدیی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كار بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كەسوكاریان بكرێت، دووپاتیشی كردەوە، دەبێت دادپەروەری رێگەی خۆی بگرێت، ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هات تاقیكردنەوەیەكی قورس بوو، بەڵام ئازار و مەینەتییەكانیان دەكەینە هیوا بۆ داهاتووییەكی باشتر و پرشنگدار بۆ وڵات، كە تێیدا بەبێ جیاوازی رێزیان لەهاووڵاتییەكانی بگیرێت و شكۆ و كەرامەتیان بپارێزرێت.