سەرۆک کۆمار:عێراق بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاکەکەی

  • 16-07-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

     
    سەرۆک کۆمار لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەزیری دەرەوەی فڕەنسا جەختدەکاتەوە لە هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەکانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق.
    نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی بەغدا پێشوازیكرد لە ژان ئیف لۆردیان، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا و شاندی هاوڕێی.
    لەودیدارەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان عێراق و فڕەنسا و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی لە بواری ئابووری و فەرھەنگی و بایەخی هاوکاری ستراتیجی نێوانیان کرا به ئاڕاستەی ئاوەدانی عێراق و هاوکاری لە روبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا.
    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەپێویستی پشتیوانیكردنی كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری تەواو کردوە، وەك بناغەیەك بۆ پرۆژەی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری عێراق، ھاوکات ھێنانەکایەوەی سیستەمی ھەرێمایەتی کە زامنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزرانی بێت بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە.
    ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك بەرھەم دوپاتیكردەوە، کە عێراق بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاکەکەی و راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، جەختیشكردەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی كێشە سنورییەكان لە رێگەی هاریكاری نێوان هەردوو دەوڵەتی دراوسێ‌ و دووركەوتنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی تاك لایەنە.
    لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار پشتیوانی فڕەنسای بۆ عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی بەشداری کارای لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژ بە داعش، ھاوکات  ئاماژەشیكرد بۆ پێویستی بەردەوامبوونی هاریكاری و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی بۆ تەواوكردنی سەركەوتنی یەكجارەكی بۆ ریشەكێشكردن و وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر و توندڕەوی.
    لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی دوپاتكردەوە بۆ هەوڵەكانی عێراق لە پارێزگاریكردن لە سەروەری و زامنكردنی سەقامگیری و  بەدیهێنانی داواكاری گەلی عێراق لە ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتندا.
    لە کۆتایی دیدارەکەدا دواین گۆرانکاری ناوچەکەو نێودەوڵەتی خرایەڕو، جەختیشكرایەوە لە پێویستی دیالۆگی بونیادنەر بۆ چارەسەركردنی قەیران و گرژییەكان لە ناوچەكە.