بهغدا-اهع
دكتۆر بهرههم ساڵح سەرۆك كۆمار،ئهمڕۆ سێشهممه، جەختیكردهوه لەپێویستی راپێچكردنی تۆمەتبارانی تاوانەكانی داعش بۆ دادگای نێودەوڵەتی تایبەتمەند
نوسینگهى ڕاگهیاندنى سهرۆكایهتى كۆمار لهڕاگهیهندراوێكدا كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه،بڵاویكردهوه"سەرۆك بەرهەم پێشوازیكرد لە كەریم خان راوێژكاری تایبەت و سەرۆك تیمی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، کە تایبەتە بە گرنگیدان و كاركردن لەسەر ئەو تاوانانەی لەسەر دەستی گروپی تیرۆریستی داعش ئەنجامدراون.
بهپێى ڕاگهیهندراوهكه لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی گەلی عێراق بە گشت نەتەوە و ئاینزاکانیانەوە دووچاری ئازار و پێشێلکاری بوونەتەوە لەسەر دەست گروپی تیرۆرستی داعش، ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو گروپە تیرۆرستە چەندین تاوان و پێشێلكاری دەرهەق بە گەلانی عێراق ئەنجامداوە تا گەشتووەتە ئاستی كۆمەڵكوژی لە چەندین شار و پارێزگای جیاواز.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی بەردەوامبوونی پەیوەنییەکانی تیمی لێكۆڵینەوە لەگەڵ لایەنە عێراقی و رێکخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ كۆكردنەوە و پاراستنی ئەو بەڵگەنامانەی كە نیشانی دەدات رۆڵەكانی گەلی عێراق چ جۆرە تاوانێكیان لە كوشتن و گرتن و لەناوبردن دەرهەق كراوە لەسەر دەستی گروپی تیرۆریستی داعش، ھاوکات جەختیشیكردەوە لەپێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر بۆ سەركۆنەکردنی ئەو تاوانانە و رادەستكردنی تۆمەتباران بە دادگای نێودەوڵەتی تایبەتمەند تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن.
لەلای خۆیەوە، کەریم خان روونكردنەوەیەكی وردی پێشكەش بە سەرۆك كۆمار كرد لەبارەی ئەو هەوڵانەی كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەیدات لە كۆكردنەوە و بە دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعشی تیرۆریست دەرهەق بە هاووڵاتیانی عێراق بە گشت پێكهاتە و نەتەوە و ئاینزاکانیەوەو پەیوەندیكردن بەقوربانیان و كەسوكاریان، دووپاتیشیكردەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەڵێنیداوە دادپەروەری بۆ قوربانییەكان بگەڕێنێتەوە.