بهغدا-اهع
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، ئهمڕۆ یهكشهممه،ئاشكرایكرد لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە رێککەوتوون بۆ دروستکردنى سەنتەر و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى سەقامگیریی ئەو ناوچانەى کە هێزەکانى پاسەوانى هەرێم و هێزە فیدراڵییەکانى تێدا نییە.
لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) ڕاگەیاندووە، دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵانەى باس لە هەوڵى داعش و گروپە چەکدارەکان دەکەن بۆ دزەکردنیان لە سوریاوە بۆ عێراق، کۆبوونەوەیەکى ئەمنیان کردووە لەگەڵ پاسەوانى سنورى هەرێم بۆ رێککەوتن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنى سنورەکان و ئەو ناوچانەى کە گروپە تیرۆرستییهكان دەکرێت بەکاریبهێنن بۆ کردەوە توندوتیژییەکانیان.
وتیشى "لەکۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە لەسەر دروستکردنى بنكه و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ناوچانە کە هیچ هێزێکى لێ نییە".
باسى لەوەشکرد، هەرچەندە مەترسی چاوەڕوانکراوى گروپە چەکدارەکان لەو ناوچانە گەورە نییە و جێگەى نیگەرانى نییە، بەڵام فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان تواناى رەوادونانى ئەو گروپانەى هەیە.
ئەوەشى خستووەتەروو، هاوپەیمانانیش لاى خۆیانەوە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر گروپە چەکدارەکان، کە دواترینیان بۆردومانکردنیان بوو لەلایەن هێزى ئاسمانى ئیسپانیاوە، سەرجەم رێوشوێنەکانیش بۆ رێگریکردنە لە دزەکردنى تیرۆریستان لەخاکى سوریاوە بۆ عێراق.