كازمى: ڕۆژنامه‌نووسان وڕاگه‌یاندنكاران پێشه‌نگ ودروستكه‌رى ڕاى گشتیین

ناوخۆ
  • 25-06-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران،ئەمڕۆ پێنجشەممە،رایگەیاند ڕاگه‌یاندنكاران و رۆژنامەنووسان پێشەنگ و دروستكەری رای گشتیین.
     
    مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەگەڵ ژمارەیەك ڕاگه‌یاندنكار و رۆژنامەنووس و شرۆڤكاری سیاسیی كۆبوەوە، رایگەیاند بەبێ‌ وشە و ئازادی دەربڕین و پێشكەشكردنی زانیاری، ناتوانرێت دەوڵەت بنیات بنرێت، چونكە ئەمڕۆ زانیارییەكان كار لەسەر راستكردنەوەی رێڕەوەكە دەكات. میدیاكاران و رۆژنامەنووسان هەڵگری وشەی راستین و هەر ئەوانیش ئازارەكانی خەڵكیان هەڵگرتووە.
     
    كازمی دەشڵێت: پێویستمان بە رەخنەی دروستكەر و وشەی راستگۆیانەیە، پێویستە ئەو وشانەی كە ئەمڕۆ وەك خەنجەر بەكاردەهێنرێت جیا بكرێتەوە، هەروەها پێویستە وشە راستییەكان لەو وشانە جیابكرێتەوە كە دەیانەوێت هەستی تایەفەگەری و نەتەوەیی و رق و كینە بوروژێنن.
     
    كازمی راشیگەیاند، ئەمڕۆ لەبەردەم ئاڵانگارییەكی گەورەی پەتای كۆرۆناداین، هۆیەكەشی بۆ لاوازی و كەموكورتی ژێرخانی وڵات دەگەڕێتەوە.
    لەماوەی حەڤدە ساڵدا عیراق لە دروستكردنی ژێرخانی ئابووریدا سەركەوتوو نەبووە، بەڵام لە دروستكردنی مۆڵی سادەدا سەركەوتوو بووە، بەپارەی وڵات وەبەرهێنان لەپرۆژەی سادەدا لەسەر ژیانی هاووڵاتیان كراوە. سیستەمێكی ئابووری راستەقینەمان نییە، لەماوەی حەڤدە ساڵدا عیراق نەیتوانیوە سیستەمێكی تەندروستی راستەقینە دامەزرێنێت.
    ئاڵانگاریی لەسەر پێناسی نیشتیمانیی هەیە، لەماوەی رابردوودا ئازارمان زۆر چەشت بەدەست ململانێی تایەفەگەرییەوە.
    كازمی وتیشی: هاووڵاتیان  هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردیان دەوێت، بۆیە لەسەرمانە كاربكەین بۆ رەخساندنی هەلومەرجی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەرانە، بەشێوەیەك هاووڵاتی هەست بەوە بكات كە پرۆسەكە نوێنەرایەتی ئەو دەكات.
    كازمی ئاماژە بەوەش دەكات كە نابێت رێگە بەدەستوەردان لە عیراق بدرێت و هەڕەشە لەسەر سەروەری عیراق و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دروستبكات، رێگە بەلایەنی دەرەكی نادەین سەركێشی لەعیراقدا بكات. داهاتووی عیراق لەهەموو شتێك گرنگترە، عیراق وڵاتێكی پەراوێزخراو نییە، سەركێشیی لەسەر خاكەكەی رەتدەكەینەوە.
    كازمی راشیگەیاند، سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی، رووبەڕووی ئاڵانگاری گەورە بووینەتەوە، لەو پێناوەشدا قوربانی زۆرمان داوە، دەبێت هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەكرێنەوە.
    لەكۆتایی دیدارەكەدا كازمی ئاماژەی بەوەدا كە گەندەڵی لەتیرۆر مەترسیدارترە و هاوكاری تیرۆریستان دەكات، بۆ ئەو مەبەستە هەڵمەتێكمان لەدژی گەندەڵی دەستپێكردووە و بەدواداچوونیش بۆ هۆكارەكانی دەكەین و بەدوای گەندەڵكاران دەكەوین .