به‌غدا-اه‌ع
له راگه‌یه‌نراوێكی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كه ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه، تێیدا هاتووه، له‌ژێر ڕۆشنایی به‌یانی ژماره (42)ی ساڵی (2020)ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به شێوه‌یه‌كی فراوان له شاری هه‌ولێر و مه‌ترسی داری دۆخه‌كه، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 2020.6.25، به‌سه‌ر په‌رشتی، د.فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر، كۆبۆنه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و كۆبوونه‌وه گه‌یشته ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م/ له‌ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 2020.6.28، تاوه‌كو 2020.7.3 ده‌وامی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی و یه‌كه كارگێڕییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر راده‌گیرێن، جگه له دوامی ته‌ندروستی، پۆلیس، ئاسایش، ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه خزمه‌تگوزارییه پێویستییه‌كان به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی كه خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به ده‌وامی دیوانی وه‌زاره‌ت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و ده‌سته سه‌ربه‌خۆكان خۆیان بڕیاری لێ ده‌ده‌ن.
دووه‌م/ تاوه‌كو 2020.7.3 هاتوو چۆی پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق، به ته‌واوه‌تی ڕاده‌گیرێت و رێگه به هیچ كه‌سێك و بۆ هیچ مه‌به‌ستێك نادرێت بێته ژووره‌وه بۆ ناو شاری هه‌ولێر، بۆیه تكامان له‌هاوڵاتییانی پارێزگاكانی هه‌رێم و پارێزگاكانی تری عێراق ئه‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی گه‌ڕاندنه‌وه و ئه‌زیه‌تكێشان نه‌بن، تاوه‌كو 2020.7.3، كه‌س خۆی له رێگا نه‌دات بۆ هاتنه ژووره‌وه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، چونكه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه به هاتنه ژووره‌وه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نادرێت و هه‌ركه‌سێك بێته بازگه‌كانیش ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه.
سێیه‌م/ له‌ڕۆژی شه‌ممه 2020.6.27 تاوه‌كو 2020.7.3، له دوای كاتژمێر (8)ی شه‌و بۆ (5)ی به‌یانی، سه‌رجه‌م دوكان و بازاڕ و مۆڵ و ماركێت و شوێنه بازرگانییه‌كان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه پێشتر بۆ خزمه‌تی هاوڵاتییان كرابوونه‌وه داده‌خرێن، جگه له ده‌رمانخانه‌كان.
چواره‌م/ له رۆژانی هه‌ینی (بازاڕه میللیه‌كان، گۆڕه‌پانه‌كانی باڵنده، پیشانگاكانی ئۆتۆمۆبێل، هاوینه هه‌واره‌كان و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان) به‌ته‌واوی داده‌خرێن و هاتووچۆكردن لێیان قه‌ده‌غه‌یه، ئه‌و شوێنانه‌ی خواره‌وه‌ش تاوه‌كو 2020.7.3 به داخراوی ده‌مێنه‌وه:
مزگه‌وت و كه‌نیسه و شوێنه ئاینییه‌كان، دانانی پرسه و ڕێوڕه‌سمی ماته‌مینی له (هۆڵ، ماڵ، له‌ژێرخێوه‌ت) له‌گه‌ڕه‌ك و ماڵ و شوینه گشتییه‌كان، هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، یانه‌ی شه‌وانه، نێرگه‌له كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه (باڕ)، گه‌رماو (حه‌مام)، هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه، هۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هۆڵه‌كانی وه‌رزشی، سه‌نته‌ره‌كانی له‌شجوانی، مه‌له‌وانگه، باخچه گشتییه‌كان، پاركه‌كان، سه‌وزاییه‌كانی ناو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان).
پێنجه‌م/ سه‌رجه‌م چایه‌خانه و كافتریا و گازینۆ و ڕیستۆرانتی باخچه‌كان و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان تاوه‌كو 2020.7.3 داده‌خرێن، چێشتخانه‌كان كراوه ده‌بن و ته‌نها بۆیان هه‌یه به دیلیڤه‌ری (سه‌فه‌ری) خورادن بفرۆشن.
شه‌شه‌م/ كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگا پزیشكییه‌كان ئاره‌زومه‌ندانه ده‌بێت و ئه‌وانه‌شی كراوه ده‌بن ده‌بێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی خواره‌وه یان تێدابێت:
- كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه‌كان له كاتژمێر (3)ی دوای نیوه‌ڕۆ بۆ (6)ی ئێواره ده‌بێت.
ـ له هۆڵی چاوه‌ڕوانی له چوار نه‌خۆش زیاتری لێ نه‌بێت و نێوانی هه‌ر یه‌كه‌یان دوومه‌تر كه‌متر نه‌بێت.
ـ پزیشك ده‌ستكێشی له‌ده‌ست بێ و ماسك ببه‌ستبێ.
ـ نه‌خۆش یه‌ك هاوه‌ڵی زیاتر له‌گه‌ڵ نه‌بێت و هه‌ردوكیان ماسكیان به‌ستابێ.
ـ ڕۆژانه نۆڕینگه و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگاكان (تعقیم) بكرێن.
ـ له‌و ماوه‌یه‌دا له(كاتژمێر 3 بۆ 6) له (10) نه‌خۆش زیاتر نه‌بینرێت.
حه‌وته‌م/ هۆشداری ده‌ده‌ینه سه‌رجه‌م شۆفێرانی (ته‌كسی، پاس، مینی پاس) پابه‌ندی ڕێناماییه ته‌ندروستییه‌كان بن و خۆیان و سه‌رنشینه‌كانیان (ماسك) ببه‌ستن، هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی له‌م بڕیاره بكات، به‌بێ چاوپۆشی كردن له كه‌س، له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتوو چۆ، ڕووبه‌ڕووی ڕێكاری یاسایی ده‌بێته‌وه و به بڕی(50) هه‌زار دینار غه‌رامه ده‌كرێت.
هه‌شته‌م/ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه ڕه‌زامه‌ندی كاركردنییان پێدراوه و كراوه‌ن، پێویسته ته‌واوی مه‌رجه ته‌ندروستییه‌كان جێ به‌جێ بكه‌ن له به‌ستنی ده‌مامك و ده‌ستكێش و دروست نه‌كردنی قه‌ره‌باڵغی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته تیمه‌كانی شاره‌وانی و قایمقامیه‌ته‌كان ڕاسپێردراون، هه‌ركه‌س و لایه‌ك پابه‌ند نه‌بێت، ڕێكاری یاسایی له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر و شوێنه‌كانیان داده‌خرێت، بۆ ماوه‌یه‌ك كه له یه‌ك هه‌فته كه‌متر نه‌بێت.
نۆیه‌م/ هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه، پابه‌ندبن به رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا و (ماسك و ده‌ستكێش) ببه‌ستن، ئه‌گه‌ر نا ناچار ده‌بین قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی ته‌واوه‌تی ڕابگه‌ێنین، بۆیه داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین له‌م دۆخه ناهه‌موار و مه‌ترسیداره‌دا به‌و په‌ڕی هه‌ست كردن به به‌رپرسیاریه‌تی له پێناو سه‌لامه‌تی خۆیان و هاوڵاتییان پابه‌ندی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن.
ده‌یه‌م/ سه‌رجه‌م قایمقامیه‌تیه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێده‌درێت بۆ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كان.