بهغدا-اهع
ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی نووری مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی، ئاسایش و تەندروستی وڵات، لەگەڵ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
نووری مالیکی دووپاتیکردەوە، پێویستە گفتوگۆکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بەردەوام بن، بۆ تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکان لەوانە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت. مالیکی جارێکی دیکە داوای هاوکاریکرد "بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رێکدەخەن بەتایبەتی یاسای نەوت و گاز و دابەشکردنی دەراماتە نیشتمانییەکان."
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێز و سڵاوی سەرکردایەتی کوردی بە نووری مالیکی راگەیاند و داوایکرد سەردانی کوردستان بکات و مالیکیش بەڵێنی داوە لە نزیکترین دەرفەتدا ئەو سەردانە ئەنجام بدات.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندی هەبێت لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و حکومەتی فیدراڵی و کارکردن بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن کە خزمەتی هەمووان بکات.