ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پاڵپشتی عێراقی کرد لە بەکارهێنانی دەرمانی ڕوسی بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا

ناوخۆ
  • 21-06-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پاڵپشتی عێراقی کرد لە بەکارهێنانی دەرمانی   (ئەفیڤاڤێر)ی ڕوسی بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاشیگەیاند، دەرمانەکە توانیویەتی حاڵەتە ناجێگیرەکانی ئەو پەتایە لە وڵاتی ڕوسیا چارەسەر بکات.  
    ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى (اه‌ع)كه‌وتووه‌،پشتگیری خۆی بۆ عێراق دەربڕی و ڕەتی کردەوە وتبێتیان ئەو چارەسەرە ڕوسییە سودی نییە و بێ کەڵکە.  
    ڕێکخراوەکە داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد بەوردی ڕاگەیاندراو و لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێکخراوەکە وەربگرن و نەبنە هۆکاری چەواشەکاری.  
    ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە ئێستادا هەموو وڵاتانی جیهان بە گوێرەی پرۆتۆکۆلێکی نێودەوڵەتی کاردەکەن و هەماهەنگی یەکتر دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەتای کۆرۆنا و ئاگاداری هەنگاوەکانی یەکترن لەو بوارەدا".  
    ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئەوەشی خستوەتەڕوو: "دەرمانە ڕوسییەکە توانیویەتی لە ڕوسیا چارەسەری ژمارەیەک حاڵەتی ناجێگیری نەخۆشییەکە بکات، بۆیە بەکارهێنانی لە عێراق و سوریا بەشێکە لەو هەماهەنگییەی کە وڵاتانی جیهان لەگەڵ یەکتردا دەیکەن لە پێناو تێپەڕاندنی قەیرانی کۆرۆنا".  
    جەختی لەوەشکردوەتەوە کە "بەکارهێنانی دەرمانە ڕوسییەکە هاوشێوەی دەرمانی (دیکسامیسازۆن)ی بەریتانیە کە لە ئێستادا چەند وڵاتێکی جیهان بەکاریدەهێنن و ئەنجامێکی باشی بەدەست هێناوە لە تاقیکردنەوە تەختییەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە".