كازمى:كارده‌كه‌ین بۆ فراوانكردنى داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان وپێكهێنانى سندووقى وبه‌رهێنان

ناوخۆ
  • 20-06-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند پشتبەستنی بودجەی وڵات بە داهاتی نەوت و بە ڕێژەی لە سەدا 95، بەڵگەیە لەسەر شكستی سیاسەتەکانی پێشووی بەڕێوەبەردنی حکوومەت، جەختیشی کردەوە لە بەردەوامبوونی کابینەکەی لە پرۆسەی چاکسازی.
    بەپێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكى  نووسینگەی ڕاگه‌یاندنى سەرۆکوەزیران كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، مستەفا کازمی لە سەردانی بۆ وەزارەتی نەوت و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتەکە، تاوتوێی بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکە و بودجەی عێراقیان کرد.
    کازمی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە، "گرنگە داهاتە نەوتییەکان بگۆڕدرێن بە پرۆژەی گەشەپێدان، کاریش دەکەین لەسەر دروستکردنی سندوقێکی وەبەرهێنان بۆ نەوەکانی داهاتوو".
    سەبارەت بە سیاسەتەکانی پێشووی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە وتی، "پشتبەستنی بودجە بە داهاتە نەوتییەکان و بە ڕێژەی لە سەدا 95، بەڵگەی شکستی سیاسەتەکانی پێشووە و هەوڵدەدەین ڕێژەی داهاتەکانی دیکەش زیاد بکەین".
    پێداگریشی کرد لەوەی "پاشەکشە لە چاکسازیی دارایی و ئابووری نەکراوە، هەڵبەت ئەم چاکسازییەش پەرچەکردار نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی چاکسازییە لە سەروبەندی ئەو بارودۆخەی پێی گەیشتووین".
    بە وتەی کازمی، هەندێک لایەن دەیانەوێت پرسەکان تێکەڵ بکەن و سەر لە خەڵک تێکبدەن، " موزایەدەی سیاسیشمان بەسەردا دەکرێت، بەڵام کاغەزی چاکسازییەکان هێشتا سپییە و گفتوگۆش لەسەری بەردەوامە. ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی هەلەکانی پێشوو".
    سەبارەت بەو دەنگۆیانە کە گوایە حکوومەت لە چاکسازیی دارایی و ئابووری پاشەکشەیان کردووە، وتی، "ڕاست نین و بەردەوامین لە گرتنەبەری ڕێکارەکانمان و پرۆسەکەش بەردەوامە".
    جەختیشی کردەوە، "هەنگاو دەنێن لە نەهێشتنی دوومووچەی فەرمانبەران وچارەسەرکردنی دەستگیرکراوانی کەمپی ڕەفحا و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، تاوەکو دادگەری دەگەڕێنینەوە".