بهغدا-اهع
راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی نوێی عێراق رێکاری بەپەلە و چاکسازی لەسەرجەم بوارەکاندا دەستپێکردوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی و پێشبینی دەکەن قەیرانەکە تا کۆتایی ئەمساڵ یان چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتو بەردەوام بێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیران بۆ ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) باسی لەوەکردوە، بەبێ وەبەرهێنانی راستەقینە لە سەرجەم سێکتەرە نانەوتییەکاندا ناتوانرێت وڵات گەشەی پێبدرێتەوە و داهاتی دارایی دەوڵەت زیاد بکات، بۆیە پێویست دەکات گۆڕانکاری گەورە لە کەرتی وزە و کارەبادا بکرێت بۆ ئەوەی ببنە دو کەرتی بەرهەم هێن، "بۆ نمونە تێچوی کارەبا 14 ترلیۆن دینار بوە، بەڵام داهاتەکەی ناگاتە ترلیۆنێک دینار".
ئاماژەی بەوەشکردوە، عێراق لە 10 ساڵدا بەبەهای 50 ملیار دۆلار بەرهە نەوتییەکانی لەدەرەوە هاوردەکردوە، بەو پارەیەش دەتوانرا 10 پاڵاوگەی گەورەی نەوتی لە سەرانسەری وڵاتدا دروستبکرێت، "وەبەرهێنانمان لاوازە، چونکە ئێمە غاز لە کێڵگە نەوتییەکاندا دەسوتێنین و لەهەمانکاتیشدا غاز هاوردە دەکەین".
راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، پێویست دەکات بەشێوەیەکی دروست وەبەرهێنان لە کەرتەکانی نەوت، کارەبا و پیشەسازیدا بکرێت، هەروەها دوبارە کارگە پیشەسازییەکان بەگەڕبخرێنەوە و کۆتایی بە سیاسەتی هەڵەی وەبەرهێنان بێت کە زیانی بە وڵات گەیاندوە.