بارزانى: ئاماده‌ین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان له‌گه‌ڵ به‌غدا لە سەر بنەمای دەستوور

  • 22-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    مەسروور بارزانی، سەرۆکى حكومه‌تى  هەرێمی کوردستان،ئه‌مڕۆ هه‌ینى، دووپاتیكرده‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدڕاڵى له‌ به‌غدا لە سەر بنەمای دەستوور.
    بارزانی لە وتارێکیدا كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)چاودێرى كردووه‌، رایگەیاند"هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، رووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری بوونەتەوە"،ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو" ئەم دۆخە نەخوازراوە لە دەرەوەی ویست و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەش ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە و بەردەوامیشین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بارگرانیی لە سەر هاووڵاتییان کەم بکەینەوە.
    وتیشى"ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێکمان خستە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ بەغدا و لە هەمانکاتیشدا کارمان لە سەر ئەوە کرد، ئابووری هەرێمی کوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی پشت بەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات رزگار بکەین،بەشێکی زۆری ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەش، ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"لە بارەی پەیوەندیمان لە گەڵ بەغدا، ئێمە بە جیدیەتەوە هەنگاومان نا. هەر لە دوای دەستبەکاربوونمان لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو، یەکەمین سەردانمان بۆ بەغدا بوو، هەموو ئامادەییەکیشمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی و چەندین پێشنیازیشمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە نەوت پێشکەش کرد، بەڵام بەداخەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، دۆخی بەغدا شڵەژا و سەرەنجام حکومەتی عێراق لە ژێر فشاری ناڕەزاییەتییەکانی خەڵک، دەستی لە کارکێشایەوە و ئیدی خۆی بە بەرپرسیار نەزانی بەرامبەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ماف و شایستە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵی 2005ەوە جێبەجێی ناکەن".
    ئاماژه‌یشى دا"ئێستاش کە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێز موستەفا کازمی دەستبەکار بووە، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەردەبڕین، بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدرالی دانپێدانراو لە دەستووری عێراقدا، دابین بکرێت. لە دوا هەوڵەکانیشماندا لەم ماوەیەدا، سێ جار شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە و لەم دانوستانانەش بەردەوام دەبین، تا بە ئەنجامێکی دادپەروەرانە و دەستوورییانە دەگەین.