عێراق گه‌وره‌تره‌ له ‌ئاسته‌نگه‌كان

  • 18-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگەیاند، داهاتی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار روی له ‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه‌، له‌ هه‌وڵیشدان بۆ ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی داهات بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدۆزنه‌وه‌، چونكه‌ "خه‌زێنه‌ی ئێستای وڵات به‌هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ به‌تاڵ بوه".
    مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌میانه‌ی وتارێكدا  له‌ژێر ناونیشانی "گه‌وره‌تر له ‌ئاسته‌نگه‌كان" بڵاویکردەوە، به‌رله‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی عێراق وه‌ربگرێت، ئاگاداربوه‌ كه‌ ئاسته‌نگی زۆری دێته‌ به‌رده‌م، داواش له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان دەکات، هاوكاری بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ به‌كاندیدی ئه‌و پۆسته‌ وزاریانه‌ی هێشتا پڕنەکراونەتەوە.ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هه‌وڵ و گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌ئامانجی گه‌یشتنه‌ به‌وه‌ی گه‌لی عێراق رازی بێت و متمانه‌ی هه‌بێت به‌تواناكانیان، كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی روبه‌ڕوی بونەتەوە تێده‌په‌ڕێنن و عێراق له‌و دوڕیانه‌ی تێیكه‌وتوه‌ رزگارده‌كرێت.
    سه‌باره‌ت به‌ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌رانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، به‌هیچ جۆرێك فه‌رمانی نه‌كردوه‌ كه‌ ته‌قه‌ له ‌خۆپیشانده‌رانی مه‌ده‌نی بكرێت، له‌و روه‌شه‌وه‌ هه‌ركه‌سێك ته‌قه‌ی كردبێت ده‌درێته‌ دادگا، ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌ رێگه‌بگرن له‌ لایه‌نی دوه‌م و سێیه‌م کە ده‌ستوه‌ردان لە خۆپیشاندانەکان دەکەن و خۆیان بخزێننه‌ ناو خۆپیشاندەرانەوە.
    كازمی باسی لەوەشکردوە‌، جارێكی دیكه‌ فه‌رمانیكردوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منیه‌كان سه‌رجه‌م به‌ندكراوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كان ئازادبكه‌ن، لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیش لەبارەی رفاندنی خۆپیشاندەران دەستیپێکردوە.
    له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندوه‌، "به‌ره‌و پێشەوە ده‌چین بۆ دروستكردنی بنه‌مایه‌كی ته‌ندروست به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له كه‌شێكی سیاسی و ئه‌منی پاك و دادپه‌روه‌ردا، پڕۆسەکە به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان و چاودێرانی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی دەبێت".ئەوەشی خستەڕو، "هه‌مو رێوشوێنێکی به‌په‌له‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی و ده‌ربازكردنی عێراق له ‌ڤایرۆسی كۆرۆنا و دوباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ بۆ وڵات گیراوەتەبەر، جه‌ختیش له‌سه‌ر سه‌روه‌ری نیشتمانیی و گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌ك ته‌نها بۆ داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دڵنیایی ئاسایشی وڵات له‌به‌رده‌م تیرۆرستان و سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ینه‌وه‌".
    له‌باره‌ی دۆخی داراییه‌وه‌، مسته‌فا كازمی رونیکردوەتەوە، "داهاتی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار روی له‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه‌، له‌ هه‌وڵیشداین بۆ ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی داهات بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدۆزینه‌وه‌، چونكه‌ خه‌زێنه‌ی ئێستای وڵات به‌هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ به‌تاڵ بوه‌".