سه‌رۆك به‌رهه‌م وبارزانى جه‌خت له‌سه‌ر گرنگى چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكی وپرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا ده‌كه‌ن

  • 11-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ سلێمانى له‌ دیدارێكدا د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، هه‌لومه‌رجی سیاسی و هه‌نگاوه‌کانی دوای پێکهێنانی حکوومه‌تی عیراق و پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌کانیان تاوتوێ کرد.
    نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌،له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێشهاته‌ سیاسییه‌کانی عیراق کرا و هه‌ردوولا به‌ گرنگییه‌وه‌ جه‌ختیان له‌ پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و ناکۆکییه‌کان کرده‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هێنانه‌کایه‌ی ئارامی و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی سه‌رجه‌م ناوچه‌کان به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌. 
    هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ باس له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق  بە سەرۆكایەتیی به‌ڕێز مستەفا كازمی کراو و داكۆكییان له‌ پشتیوانی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکوو‌مه‌تى فیدراڵدا کرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و کارکردن بۆ دابینکردنی گوزه‌ران و ته‌ندروستیی هاووڵاتیان، هه‌روا له‌پێناو تێکشکاندنی پاشماوه‌کانی تیرۆر و سه‌قامگیریی ئه‌منی له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی عیراقدا، وێڕاى چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور، بەتایبەتیش یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە و مووچەی فەرانبەران. 
    هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ پێویستیی یه‌کڕیزی و خاوکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان له‌ عێراق کرا به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌موو هێز و تواناکان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئارامی و بژێویی خه‌ڵک و ئه‌نجامدانی چاکسازیی بنه‌ڕه‌تی ته‌رخان بکرێن و له‌بری ناکۆکی و ململانێی ته‌سک، به‌گوێره‌ی ده‌ستوور خزمه‌تی خه‌ڵک و داخوازیه‌کانیان بکرێت.
    له ‌ته‌وه‌رێکی دیكه‌ى دیداره‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌ هه‌رێمی کوردستان كرده‌وه‌، به‌ جۆرێك هه‌موو لایه‌نه‌کان دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی، تواناکانیان بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی پێویستیی هاووڵاتیان و دابینكردنی بژێویان و سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی، ته‌رخان بکه‌ن.