قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان تاوه‌كو 18ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

ناوخۆ
  • 10-05-2020, 00:00
  • +A -A

     هه‌ولێر-اه‌ع

     
    وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ژماره‌یه‌ك بڕیاری له‌باره‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركرد و رایگه‌یاند، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان تاوه‌كو 18ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
    به‌گوێره‌ی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌  و13 بڕیاری نوێ به‌مه‌به‌ستی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركردوه‌ و رایگه‌یاندوه‌، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌نێوان پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان تا كاتژمێر 12:00ی شه‌وی 18-5-2020 به‌رده‌وام ده‌بێت، هاوكات قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌نێوان هه‌رێم و پارێزگاكانی عێراقیش به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی دانیشتوی هه‌رێمی كوردستانن و له‌پارێزگاكانی عێراق گیریانخواردوه‌، به‌مه‌رجی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگه‌یان پێده‌درێت بگه‌ڕێنه‌وه‌.
    ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئاسانكاری ده‌كرێت بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ فه‌رمانبه‌ری حكومین له‌پارێزگاكانی موسڵ، كه‌ركوك، دیاله‌ن كه‌ هاوسنورن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕیش له‌نێوان ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی له‌پارێزگاكانی عێراق ئه‌رك ده‌بینن و دانیشتوی هه‌رێمن به‌چه‌ند میكانیزمێك ده‌بێت.
    وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاشكراشیكردوه‌، رۆژانی دوشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل به‌روی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كرێته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌توركیا گیریانخواردوه‌ به‌هۆی داخستنی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان، هاوڵاتیانی پارێزگاكانی عێراقیش راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ی سنوری پارێزگای موسڵ ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ردو ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران و باشماخیش رۆژانی دوشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌ به‌روی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كرێنه‌وه‌.