سلێمانی – ا ه ع نوسینگەی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە بارەگای نوسینگە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی سەبارەت بە ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان رێكخست. لای خۆیەوە هاورێ تەوفیق بەرێوەبەری نوسینگە لەكۆنگرەكەدا كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) ئامادەی بوو، تەئكیدیكردەوە لە هەموو رویەكەوە بە تایبەت لەرووی لۆجستی و راهێنان و ئیدارەدانەوە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان. بەرێوەبەری نوسینگەی سلێمانی رەتیشیكردەوە پەسەند نەكردنی بودجە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دروستكردبێت، سەبارەت بەو ئاوارانەش كە لەسنوری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن كە ژمارەیان زیاتر لە سەد هەزار كەسە، رایگەیاند داوایان لێدەكەن ئەوانەی كە خوازیارن بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن زانیاری بایۆمەتری لەو نوسینگانەی كە لەناوەند و قەزا و ناحیەكانی پارێزگای سلێمانی هەن نوێبكەنەوە. ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی كە مافی دەنگدانیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەیە دەگاتە 1.385.000 كەس، ئەوانەش كە تا ئێستا كارتی بایۆمەتریان نوێكردوەتەوە زیاتر %53ی كۆی دەنگدەرانە.