بلاسخارت جه‌خت له‌پاڵپشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى ده‌كاته‌وه‌

  • 7-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، وێڕای دەستخۆشی لە په‌سندكردنی كابینه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق جەخت لەسەر پێكهێنانی ته‌واوی كابینه‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌خێرایی زاڵبون به‌سه‌ر ئاڵنگارییە پەرەسەندوەکان.
    جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە راگەیەندراوێکدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، رایگەیاند، وێڕای دەستخۆشیکردن لە پەسندکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كابینه‌ی مستەفا كازمی و زۆرینه‌ی وه‌زیره‌كانی، داوای پێكهێنانی ته‌واوی كابینه‌كه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی نوێ بتوانێت به‌ خێرایی به‌ره‌و ئاو‌ڕدانه‌وه‌ له‌ ئاڵنگارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاسایش و سیاسه‌ت و ئابوری و ته‌ندروستی هه‌نگاو بنێت.
    ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەت روبەڕوی دۆخێکی سەخت بوەتەوە کە هه‌رگیز بواری کات بە فیڕۆ دان نییە، پێویستە ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی ئابوری، کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە زیاتر دژوار بوە، ببێتە کاری لە پێشینە. پلاسخارت باسی لەوەشکردوە، پێویستە ئاڵنگارییە هەڵواسراوەکانی دیکەی بێدواکەوتن چارەسەر بکرێن، وەک دابینکردنی خزمەتی تەواو و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و به‌هێزكردنی حوکمڕانی و دادوەری و لێپێچینەوە.
    پلاسخارت پشتگیریی به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیشی بۆ حكومه‌تی عیراق له‌ روبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌م ئاڵنگارییانه‌ دوپاتكرده‌وه‌ و وتی، "نەتەوە یەکگرتوەکان ئامادەی یارمەتیدانە بۆ دەستنیشانکردنی هەڵەکان و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان لەگەڵ هاوبەشانە کارکردنیش لەگەڵ عێراقییەکان بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ وڵاتەکە".
    ئەوەشی خستەڕو، "حکومەتی نوێی عێراق پێویستە هەنگاوی بەرەوپێش بنێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە، راسته‌ ئاڵنگارییەکان زۆرن، به‌ڵام هەڵەکانیش هه‌ر زۆرن".