چوار فراكسیۆن هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى ده‌نگدان به‌ كابینه‌كه‌ى كازمى دیارى ده‌كات

  • 5-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    فراكسیۆنه‌كانى ده‌وڵه‌تى یاسا، وهاوپه‌یمانى هێزه‌كان، وپارتى ، وحیكمه‌،هه‌ڵوێستى خۆیان له‌باره‌ى ده‌نگدان به‌كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو دیارى كرد.
    عه‌بدولهادى سه‌عداوى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌میان به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنى له‌كه‌ناڵى عێراقییه‌ كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)چاودێرى كردووه‌،ڕایگه‌یاند"هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا دژى كه‌سایه‌تى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو نییه‌ به‌ڵكو دژى میكانزمى هه‌ڵبژاردنى كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌یه‌،ئاماژه‌یشى دا هه‌ندێك له‌پاڵێوراوه‌كانى كابینه‌ حكومییه‌كه‌ چه‌ند هێمایان له‌سه‌ره‌ وله‌لایه‌ن شه‌قام وفراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ قبوڵكراو نین. 
    وتیشى"چه‌ند دۆسێیه‌كى گه‌نده‌ڵى هه‌ن لاى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى وده‌سته‌ى ده‌ستپاكى له‌باره‌ى هه‌ندێك له‌پاڵێوراوه‌كانى كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ وه‌كو پاڵێوراوى وه‌زاره‌تى نه‌وت وهه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌یش،دووپاتیشیكرده‌وه‌ متمانه‌دانى په‌رله‌مانتارانى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى په‌یوه‌سته‌ به‌گۆڕانكارى له‌هه‌ندێك ناوى كابینه‌كه‌.
     
    ئاماژه‌یشى دا 10پۆستى وه‌زارى له‌كابینه‌ حكومیه‌كه‌ یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌ ومشتومڕى له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان،ڕوونیشیكرده‌وه‌ هه‌ندێك له‌فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان له‌ڕاگه‌یاندنكانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌كازمیان سه‌رپشككردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى كابینه‌كه‌ى به‌ڵام له‌خواره‌وه‌ هه‌ندێك ناوى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن.
    لاى خۆیه‌وه‌ ڕه‌عه‌د ده‌هله‌كى په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى هێزه‌كان پێشبینى كرد حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو له‌دانیشتنى سبه‌ى متمانه‌ى په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت.
    ده‌هله‌كى له‌میان به‌رنامه‌كه‌ ڕایگه‌یاند یه‌كێتى هێزه‌كان هێشتا پشتیوانى كازمى ده‌كات،ڕوونیشیكرده‌وه‌ دۆخى ئێستا واپێویست ده‌كات حكومه‌تێكى ڕاسته‌قینه‌ هه‌بێت بۆ كۆتایی هێنان به‌قه‌یرانه‌كانى وڵات وداواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران جێ به‌جێ بكات.
    وتیشى فراكسیۆنه‌كه‌ى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ڕاسپاردنى كازمى سه‌رپشككردووه‌ به‌هه‌ڵبژاردنى كابینه‌كه‌ى به‌ڵام فراكسیۆنه‌ شیعییه‌كان هه‌ڵوێستیان ناڕوون بوو له‌م باره‌یه‌وه‌،دووپاتیشیكرده‌وه‌ دۆخى ئێستا پێویستى به‌یه‌كڕیزییه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى ئاسته‌نگییه‌كان.
    ئاماژه‌یشى دا مافى پێكهاته‌كانى له‌حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى پارێزراوه‌،وتیایدا پێكهاته‌ى شیعه‌ 13 وه‌زاره‌تى به‌ده‌ستهێناوه‌ وپێكهاته‌ى سوننه‌ 6 وه‌زاره‌ت وكورد 3وه‌زاره‌ت ویه‌ك وه‌زاره‌تیش بۆ كه‌میینه‌كان،ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو پێكهاته‌ى سوننه‌ وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى وبازرگانى وپیشه‌سازى وپلاندانان ووه‌زرش ولاوان وپه‌روه‌رده‌ى وه‌رگرتووه‌.
    ڕوونیشیكرده‌وه‌ پاڵێوراوى پۆستى به‌رگرى فه‌ریق جومعه‌ عناده‌،وبازرگانى نواره‌ جبورى ،كه‌چى وه‌زرش ولاوان دوو پاڵێوراوى هه‌یه‌ ئه‌ویش عه‌دنان درجال وشه‌ڕار حه‌یده‌ره‌ وهه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى پاڵێوراوه‌كه‌ى له‌شارى موسڵه‌
    له‌لایه‌كى تره‌وه‌ خالیده‌ خه‌لیل په‌رله‌مانتارى پارتى دیموكراتى كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌،فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان متمانه‌ به‌كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى له‌دانیشتنى سبه‌ى ده‌ده‌ن.
    خه‌لیل له‌میان به‌رنامه‌كه‌ ڕایگه‌یاند،فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ره‌تاى ڕاسپاردنى پشتیوانى كازمى ده‌كه‌ن وهێشتا به‌رده‌وامن له‌پاڵپشتى كردنى ،چونكه‌ دۆخى ئێستا وله‌سایه‌ى قه‌یرانه‌كان پێویستى به‌حكومه‌تێكى كارایه‌ نه‌ك كاربه‌رێكه‌ر.
    وتیشى كورد له‌ كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ 3 پۆستیان وه‌رگرتووه‌ ئه‌ویش ده‌ره‌وه‌ وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ونیشته‌جێبوون وداد ،له‌نێویشیاندا دوو پاڵێوراوى نوێ هه‌ن.
    له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ خالید جشعمى په‌رله‌مانتارى ڕه‌وتى حیكمه‌ دووپاتیكرده‌وه‌،فراكسیۆنه‌كه‌ى پشتیوانى كازمى ده‌كات وده‌نگ له‌به‌رژه‌وه‌ندى كابینه‌كه‌ى ده‌دات.
    جشعمى له‌میان به‌رنامه‌كه‌ ڕایگه‌یاند،فراكسیۆنى حیكمه‌ به‌سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى ئاماده‌ى دانیشتنى سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ ده‌بێت وده‌نگ له‌به‌رژه‌وه‌ندى متمانه‌دان به‌حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى ده‌دات،دووپاتیشیكرده‌وه‌ ڕه‌وتى حیكمه‌ هیچ وه‌زاره‌تێكى داوا نه‌كردوو له‌كابینه‌ حكومییه‌كه‌.
    جشعمى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ فراكسیۆنى حیكمه‌ پاڵێوراوى پۆستى نه‌وت پێكشه‌ش كردووه‌،دووپاتیكرده‌وه‌ ئه‌م هه‌واڵانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست نییه‌.
    ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو هه‌ندێك ناوى كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ له‌چوار ڕۆژى ڕابردوودا گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هات.