هێزه‌ كوردییه‌كان..هه‌ڵوێستى جیاواز له‌باره‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى

  • 5-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع-سۆما جاف

     
    هێزه‌ كوردستانییه‌كان هه‌ڵوێستى جیاوازیان نواند له‌باره‌ى په‌سه‌ندكردنى حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو له‌دانیشتنى په‌رله‌مان كه‌بڕیار وایه‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ سازبكرێت.
    ئه‌مین به‌كر په‌رله‌مانتارى پێشووى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان وڕاوێژكارى سه‌رۆك په‌رله‌مان له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"هه‌ندێك له‌هێزه‌ كوردییه‌كان تاوه‌كو ئێستا هه‌ڵوێستى خۆیان یه‌كلانه‌كردۆته‌وه‌ له‌باره‌ى كابینه‌كه‌ى كازمى وچاوه‌ڕوانى هه‌ڵوێستى فراكسیۆنه‌ شیعییه‌كان ده‌كات له‌و باره‌یه‌وه‌"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان یه‌ك هه‌ڵوێست نین به‌ڵكو ڕاوبۆچوونى جیاواز هه‌یه‌ له‌نێو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان،هه‌ندێكیان سوورن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هه‌ندێك كه‌سایه‌تى له‌پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا دانوستانیان له‌گه‌ڵ كازمى نه‌كردووه‌ له‌باره‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت".
    وتیشى"هێشتا زووه‌ له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان وكاتیش له‌به‌رده‌م كازمیدا هه‌یه‌ بۆ ڕازى كردنى فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتیوانى كردنى كابینه‌ حكومییه‌كه‌ى"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"كورد تاك لایه‌نه‌ بڕیار نادات بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كاندیدێك له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ شیعییه‌كان ڕه‌تكرایه‌وه‌ وكۆده‌نگى نیشتیمانى له‌سه‌ر نه‌بوو ئه‌و كورد به‌ته‌نها پشتیوانى لێ ناكه‌ن ،به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى ماڵى شیعه‌ وكۆده‌نگى نیشتمانییه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌یش له‌گه‌ڵ كاندیده‌كانى ڕابردوویش په‌یڕه‌وكران وئه‌مڕۆیش هه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێسته‌كانى ڕابردووى ده‌بێت".
    باسى له‌وه‌یش كرد"فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان یه‌ك هه‌ڵوێست نیین به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ى جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ پێشهاتى ڕووداوه‌كان"،ئاماژه‌یشى دا"هه‌ندێك له‌فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان دانوستانیان له‌گه‌ڵ كازمى كردووه‌ له‌باره‌ى هه‌ندێك پۆستى وه‌زارى له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێك لایه‌نى ترگفتوگۆى له‌گه‌ڵ كازمى نه‌كردووه‌ وڕێكنه‌كه‌وتووه‌ له‌سه‌ر ڕاسپاردنى ".
    لاى خۆیه‌وه‌ شێروان دوبردانى په‌رله‌مانتارى پارتى دیموكراتى كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌ حیزبه‌كه‌ى هیچ هه‌ڵوێستێكى دیارى نه‌كردووه‌ له‌باره‌ى په‌سه‌ندكردنى حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو.
    دوبردانى به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌ڵوێستى فه‌رمى ڕانه‌گه‌یاندووه‌ له‌باره‌ى كازمى ،به‌ڵام كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌"،دووپاتیشیكرده‌وه‌"پارتى هه‌میشه‌ پشتیوانى له‌هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى ڕاسپێردراو بۆ سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران كردووه‌ كه‌ڕه‌زامه‌ندى فراكسیۆنه‌ شیعییه‌كانى له‌سه‌ر بێت".
    وتیشى"پارتى دیموكراتى چاوه‌ڕوانى ئه‌مڕۆ وسبه‌ى ده‌كات هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ شیعییه‌كانى ولایه‌نه‌كانى تر چى ده‌بێت،دواى ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستى خۆى وسه‌ركردایه‌تى حیزبه‌كه‌ له‌باره‌ى ڕاسپاردنى كازمى ڕاده‌گه‌یه‌نێت".
    له‌باره‌ى پۆستى وه‌زاره‌تى دارایی،په‌رله‌مانتارى پارتى ڕایگه‌یاند"تاوه‌كو ئێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌ به‌هۆى یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ شیعییه‌كان له‌باره‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى،به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ ئه‌و پۆسته‌ یه‌كێكه‌ له‌شایسته‌كانى هه‌ڵبژاردن بۆ پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌دواى په‌سه‌ندكردنى حكومه‌ت یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌".
    له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئاره‌زوو مه‌حموود په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان جه‌ختیكرده‌وه‌ حیزبه‌كه‌ى هه‌ڵوێستى له‌گه‌ڵ پشتیوانى كردنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى وه‌زیرانى ڕاسپێردراو به‌كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌وه‌ له‌نێویشیاندا پرسى ناوچه‌ جێ ناكۆكییه‌كان.
    مه‌حموود له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"هه‌ڵوێستى هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌گۆڕاوه‌یه‌ به‌ئاڕاسته‌ى ده‌نگدان به‌سه‌ر كابینه‌كه‌ى كازمى "،ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"یه‌كێتى نیشتیمانى وسه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان گه‌ڕانه‌ته‌وه‌ به‌غدا به‌ڵام نازانین رۆژانى داهاتوو هه‌ڵوێسته‌كانى چۆن ده‌بێت".
    وتیشى "یه‌كێتى له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك ڕێكنه‌كه‌وتووه‌ دژى كه‌سایه‌تییه‌ك،وبه‌شداریكردنى به‌نده‌ به‌كۆمه‌ڵێك داواكارى وبه‌و داواكارییانه‌ به‌شدارى له‌دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كات بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر متمانه‌دان به‌كابینه‌ى نوێ"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"داواكارییه‌كان بریتیین له‌ پرسى ناوچه‌ جێ ناكۆكییه‌كان وهێزه‌كانى پیشمه‌رگه‌ ومووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم وبوودجه‌".
    ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك ڕابسپێردرێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى مافى وشایسته‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌گه‌ڵ داده‌نیشین وگفتوگۆ ده‌كه‌ین وهه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك ئاماده‌ بێت مافه‌ ده‌ستوور ویاساییه‌كانى ئێمه‌ له‌به‌رنامه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى بچسپێنێت وكارى بۆ جێ به‌جێ كردنى بكات ئێمه‌ متمانه‌ى پێده‌ده‌ین"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"هه‌ڵوێستى یه‌كێتى بێ لایه‌نییه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌س ناكات دژى كه‌سێكى تر یان به‌رگرى له‌كه‌سایه‌تى وفراكسیۆنێكى سیاسى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكات".
    هه‌ر له‌هه‌مان پرسدا موسه‌ننا ئه‌مین په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتووى ئیسلامى پێیوایه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو هه‌له‌َیه‌كى گه‌وره‌ى كردووه‌ كاتێك راوێژ ودانوستانى له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌كردووه‌،ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو كازمى تاوه‌كو ئێستا پاڵێوراوێكى فه‌رمى كورد له‌كابینه‌كه‌ى پێشكه‌ش نه‌كردووه‌.
    ئه‌مین له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"هێزه‌ كوردییه‌كان تاوه‌كو هیچ هه‌ڵوێستێكى فه‌رمییان نییه‌ له‌باره‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو،ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"كازمى خۆى په‌ناداوه‌ له‌كاندیده‌ كورده‌كان تاوه‌كو ئێستا كاندیدێكى فه‌رمى نه‌ناردووه‌ وده‌رفه‌تێكى ڕه‌خساندووه‌ بۆ زیاتر لێكتێگه‌یشتن وڕێككه‌وتن".
    وتیشى"كورد كۆده‌نگ نین له‌باره‌ى كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌هه‌ندێك فراكسیۆنه‌ كوردى چگه‌ له‌یه‌كێتى وپارتى"،ئاماژه‌یشى به‌وه‌دا"كازمى دانوستانى له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌كردووه‌ وئه‌مه‌یش هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێیوابێت كورد ته‌نها یه‌كێتى وپارتییه‌ ،ده‌بوایه‌ دانوستانى له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى تر بكردایه‌ وه‌كو گۆڕان ویه‌كگرتووى ئیسلامى وكۆمه‌ڵى ئیسلامى وئاینده‌ وفراكسیۆنه‌كانى دیكه‌".
    رایشیگه‌یاند"كازمى به‌جددى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ كورد نه‌كردووه‌ به‌تایبه‌ت هێزه‌كانى 15 كورسییه‌كه‌ى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى وپارتى وهیچ هه‌نگاوێكى به‌ئاڕاسته‌یان نه‌ناوه‌ "،ئاماژه‌یشى دا"دانوستانه‌كانى یه‌كێتى وپارتیش له‌گه‌ڵ كازمى تاوه‌كو ئێستا ڕوون نییه‌".