ته‌ندروستى جیهانى دوو هۆكارى دیاریكرد بۆ زیادبونى ژمارەى توشبوانى ڤایرۆسى كۆرۆنا لە عێراق

ناوخۆ
  • 2-05-2020, 00:00
  • +A -A

     

     
    به‌غدا-اه‌ع
     
    نوێنەرى ڕێكخراوى تەندروستى جیهانى لە عێراق دەڵێت، دوو هۆكار هەیە بۆ زیادبونى ژمارەى توشبوانى ڤایرۆسى كۆرۆنا لە عێراق و جه‌ختیش دەكاتەوە كە ئەو ژمارانەى توشبوو كە تۆمار دەكرێن جێى نیگەرانى نین.  
    ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) باسى لەوەكردوە، دوو هۆكار هەیە بۆ زیادبونى ژمارەى توشبوانى ڤایرۆسى كۆرۆنا لە عێراق، یەكیان هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆ و خۆنەپاراستنى هاوڵاتیان و جێبەجێكردنى ڕێنماییەكان و گردبونەوەكانە.  
    باس لەوەشكرد، هۆكارى دوەمیش ئەوەیە وەزارەتى تەندروستیى عێراق لە حاڵەتى بەرگریەوە چوەتە حاڵەتى هێرشكردن و ڕوپێوى گشتگیرى دەستپێكردوە و بۆ توشبوان دەگەڕێت.   
    دووپاتیشیكرده‌وه‌، هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆ دواى 14 ڕۆژ لە هەڵگرتنى قەدەغەکە بەشێوەیەكى ڕێژەیى چاوى پێدا دەخشێنرێتەوە كە ئەو ماوەیەش ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو كۆتایى دێت.  
    نوێنەرى ڕێكخراوى تەندروستیى جیهانى ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ژمارەى توشبوان و ئەو ژمارانەشى لە چەند ڕۆژى ڕابردودا تۆمار كراون جێى نیگەرانى نین، ئەگەر ژمارەكان بەردەوامبون لە بەرزبونەوە ئەوا نوێنەرایەتى ڕێكخراوەكە هەفتەى داهاتوو كۆدەبێتەوە بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێنى گونجاو، ئەویش لەڕێگەى بڵاوكردنەوەى هۆشیارى و جێبەجێكردنى قەدەغەى هاتوچۆ بەشێوەیەكى باشتر.  
    ئەدهەم ئیسماعیل دەشڵێت، وەزارەتى تەندروستى بڕیاریداوە قەدەغەى هاتوچۆ بسەپێنێتەوە ئەگەر ژمارەكان بەردەوام ڕوویان لەزیادبون كرد ئەوەش سەرەڕاى كاریگەریە ئابوریەكانى، ڕێكخراوەكە هیواخوازیشە قەدەغەى هاتوچۆ لەو پارێزگایانەى توشبویان تێدا تۆمار ناكرێت و ژمارەكان بەرز نابنەوە هەڵگیرێت بە تەواوەتى و ڕێگەكانى نێوان پارێزگاكان و فڕۆكەخانە نێودەوڵەتیەكان بكرێنەوە.