بهغدا-اهع
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو هەینی، ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و 849 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون و دەرەنجام تەنها یەک تووشبی نوێی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە پەیجی فەرمیی وەزارەتەکە لە فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە،ودهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع )كهوتووه،ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا (1849) پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون؛ (546) هەولێر، (964) سلێمانی، (310) دهۆك، (29) سۆران، دەرەنجام (1) تووشبووی نوێ تۆمارکرا کە ئافرەتێکی تەمەن 25 ساڵەی دانیشتووی گوندی کاولۆك-ی سەر بە قەزای ڕواندوزە لە پارێزگای هەولێر، و خێزانی تووشبوویەکی پێشووە".
سەبارەت بە ژمارەی پشکنینەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا 42 هەزار و 234 پشکنینیان ئەنجامداوە.
لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە کەرەنتینەکانی حکوومەتی هەرێمدان، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە "لەئێستادا تەنها (1427) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە؛ (432) لە هەولێر، (211) لە سلێمانی، (755) لە دهۆك، (29) لە ڕاپەرین، لەگەڵ کەرەنتینکردنی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا کە کۆی گشتیان (90) هاووڵاتی بوو".
بەپێی ئامار و ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێم، تاوەکو ئێستا 381 حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆڤید-19 لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش پێنج حاڵەتی مردن و 327 حاڵەتی چاکبوونەوە هەن. هەروەها لەئێستادا تەنها 49 نەخۆشی پەتاکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی "تکا"ی لە هاووڵاتییان کردووە "بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، و لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە 122".