به‌غدا-اه‌ع
د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشه‌ممه پێشوازیکرد له سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق و چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی لیژنه‌كه.
نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه ئاماژه‌ى به‌وه دا،له‌و دیداره سه‌رۆك كۆمار جه‌ختى له‌وه كردەوه كه پێویستە كۆششه‌كان بەو ئاراستەیەبن تاوه‌كو پەلە بکرێت لە دۆسیه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و پرۆسەى چاکسازى ریشەیى، چونکە بۆ ئەمڕۆمان چاكسازیی بوەتە پێویستییەکى گرنگ و حەیاتى.
هەر لەو دیدارەدا باس لە لێکەوتەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا کراو سەرۆک کۆمار باسى لەوە کرد تێپەراندنى ئەم قۆناغە پێویستى بەهەوڵ و تێکۆشانى هەموو دڵسۆزانەو، ده‌بێت هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌نگارییان ببینه‌وه و رێگە نەدەین کاریگەرى لەسەر قوت و بژێوی هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ت هەبێت، بەپێچەوانەوە لە پرۆسەى چاکسازیدا ئەبێت باشکردنى ژیان و گوزەرانى ئەوان ئامانج بێت و ناشبێت به هیچ پاساوێك رێگە بدرێت ده‌ست بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانبەران ببرێت و بەتایبەتیش توێژەكانی خوارەوە.
سه‌رۆك كۆمار لەهەمان دیداردا، باسی له‌وه‌ش كرد كه زۆر گرنگه پشتیوانی لە بەرهەمی خۆماڵی بكه‌ین و داهاتى نیشتمانى بۆ پشتیوانیكردن و باشکردنى بژێوى تێكڕایی هاوونیشتمانیان بێت و پەرە بە تواناى داهاتە نیشتمانییەکانى تر بدرێت تا بتوانرێت بەخۆبژێوی و پێشخستنى وڵات بەتەواوەتى دەستەبەر بکرێت.
سه‌باره‌ت به پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمیش له مه‌ڕ داهاته‌كان و یاسای نه‌وت و گاز، سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه پێویسته په‌نا به‌رینه به‌ر ده‌ستوور و پابه‌ندی یاسای بودجه و به‌ركه‌وته‌كانی و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی بین، له پێناو گه‌یشتن به لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شیش كه مافی سه‌رجه‌م هاووڵاتیان ده‌پارێزێت، و گرنگە بە راشکاوانە پەنجە بخرێتە سەر برینەکان و چارەسەرى ریشەییان بۆ بدۆزرێتەوە.
سەرۆک بەرھەم ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه كه موچه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی دیکەی عێراق مافێكی ده‌ستوورییه و نابێت به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رهاویشته سیاسییه‌كانه‌وه ده‌ستی بۆ ببرێت، هەروەها جەختیکردەوە لەوەى پێویستە بەشێوەیەکى شەفافانە پرسى تەسوییەی دارایی بەڕێوەبچێ بەپێی دەستوور و یاسای بودجە، بەڵام نابێ ئەمە ببێتە مایە دواخستن یا بڕینی موچەی فەرمانبەران.
سه‌رۆك كۆمار لەدیدارەکەدا ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد دۆخەکە قورسە و پێویستى بە ئیرادەى چارەسەرێکى دادپەروەرانەیە و پێویستیشە مووچەخۆران نەکرێنە قوربانى ناکۆکییە سیاسییەکان، دواتر سەرۆک کۆمار ئەوەشى خستە روو، کە دڵسۆزانی وڵات قبوڵی ئه‌وه ناكه‌ن هاووڵاتییان باجی ناكۆكییه سیاسییه‌كان بده‌ن