بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆییدا

  • 22-04-2020, 00:00
  • +A -A

     

     
    به‌غدا-اه‌ع
     
    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوویەوەو سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد، دەشڵێت: دواكەوتنی موچە لە دەرەوەی ویستی حكومەتی هەرێمەو بڕیاریشیانداوە دەرگای مزگەوت و كڵێساو شوێنەكانی دیكەی عیبادەت بەداخراوی بمێنێتەوە.
    بەپێی راگەیەنراوێك كە وێنەیەكی گەیشتوەتە ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2020 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمی كوردستان و بەشداربونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوە.
    ئەوەخراوەتەڕوو: لەسەرەتای كۆبوونەكەدا كە لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجام درا، سەرۆك وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بەڕێكارەكانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەكان كە خۆشبەختانە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە  قۆناغی زۆر باش وپێشكەوتووی بڕیوەو ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەروبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، بەیەكێك لە سەركەوتوترین نمونەكانی خۆپارێزیی دادەنرێت لەجیهان، بەڵام هێشتا مەترسیەكانی كۆرۆنا كۆتاییان نەهاتووە و داواكارین لە خەلكی هەرێم بەردەوام بن لە پابەندبوون.
    ئەوەشخراوەتەڕوو: ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی رێكارەكانی خۆپارێزیی كردەوەو قۆناغەكانی ئاسایی كردنەوەی ژیانی خەڵكیش بەردەوام دەبێت كە تا ئێستا پارێزگاكان و ئیدارەكان لەمڕووەوە هەنگاوی باشیان ناوە بە رەچاوكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی.
    ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لەموسڵمانانی هەرێمی كوردستان دەكات بەبۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، جەختیشی كردەوە لە پێناوی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بڕیاردرا كە دەرگای مزگەوت وكڵێساو شوێنەكانی دیكەی عیبادەت بەداخراوی بمێنێتەوە هاوشێوەی ناوەندەكانی خوێندن، لەهەمانكاتدا سوپاسی مامۆستایانی ئایینیش دەكات بۆ پابەندبوونیان.
    هەر لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕۆژانی 19-21ی نیسانی 2020 بۆ بەغدا كراوەو ئاماژە بەوەدرا كە گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بەردەوامە بۆ ناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو، لە هەمانكاتیشدا حكومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی دووپات دەكاتەوە  بەو لەیەكتێگەیشتنە هاوبەشەی كە لە كۆتایی 2019 لەگەڵ وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و پلاندانانی عیراق ئەنجامیدا لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2020 كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی ئیلتیزامی نەوتی خۆیی لە بەرامبەر دابینكردنی شایستە داراییەكانی وەك لەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشە هاتووە.
    لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە بەردەوام دەبین لەهەوڵەكانمان بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.   دواكەوتنی مووچەش لە دەرەوەی ویستی حكومەتی هەرێمە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لێكەوتە داراییەكانی دابەزینی نرخی نەوت  و رێكارەكانی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا كە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە ، ئەمە سەرەڕای دواكەوتنی تەمویلی بەشە مووچەی هەرێم لە لایەن بەغداوە.
    ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدراڵی عیراق دەكات پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر بەهەرێم و مافە دەستوورییەكانی جێبەجێ بكات ، لە بەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان ئامادەیە پابەندییە دەستووریەكانی خۆی بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵی بەجێبهێنێت.